ئەندامێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت كە لیژنەی باڵای هاوبەش لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا دروست دەبێت و دووپاتی كردەوە كە پرسی نەوت و مادەی ١٤٠ یەكێك دەبێت لەو كێشانەی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم مەیادە محەمەد, ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند, یەكەم سەردانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت دوای هەفتەی یەكەمی دەستبەكاربوونی بۆ بەغدا بوو, ئەوەش وەك نیازپاكییەك بەرانبەر بە بەغدا كە كوردستان دەیەوێ كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات و لە چەند پرسێك بگەنە ڕێككەوتن.
زیاتر گوتی, لەو پرسانەی قسەیان لەسەر كراوە بۆ چارەسەركردن، پرسەكانی نەوت و بودجە و پێشمەرگە و مادەی ١٤٠ و ناوچەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێم, گفتوگۆ لەسەر ئەوە كراوە كە ئەو كێشانە بۆ هەمیشە جێبەجێ بكرێت نەك بە شێوازێكی كاتی.
محەمەد دووپاتی كردەوە، حكوومەتی مەسروور بارزانی رژدە لە چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا و بڕیاری دروستكردنی لیژنەی باڵای هاوبەش دراوە لە نێوان هەردوولا بۆ ئەوەی بە چارەسەری كێشەكان بكەن و لە داهاتووش كۆبوونەوە دەكەن.
ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، كاری لیژنە هاوبەشەكەی هەردوولا كۆبوونەوەیە لەسەر مێزی گفتوگۆ و قسەكردن لەسەر ئەو پرسانەی كە لە رابردوو وەك كێشە بووە لە نێوان هەرێم و بەغدا, هەروەها گفتوگۆكان بە جۆرێك دەبێت هیچ لایەك باسی رابردوو ناكەن و پەڕەی نوێ هەڵدەدەنەوە بۆ پێوەندییەكانیان.
دوێنێ سێشەم مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوەڵی شاندێكی باڵای حكوومەت سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكەی بەغدا كۆبوونەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی