"سەردانەكەی مەسروور بارزانی سەلماندی كە هەرێم دەیەوێ بەشدارێكی ڕاستەقینەی بڕیار بێت لە عێراق"

:: PM:11:26:17/07/2019 ‌

مامۆستایانی زانكۆ سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا بە گرنگ باس دەكەن و دەڵێن, حكوومەت دەیەوێت پێداگر بێت لەسەر گشت مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و بۆ ئەو مەبەستەیش یەكەم هەنگاوی بە دەست پێكردنی دانوستان ناوە. 

دڵشاد نامیق, مامۆستای زانكۆ و شارەزا لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە "وشە"ی راگەیاند, سەردانی سەرۆكی حكوومەت و شاندی هاوەڵی بۆ بەغدا، گرنگی خۆیی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە و نیشانەی ئەوەیە ئەم حكوومەتە دەیەوێ پێداگر بێت لەسەر گشت مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و بۆ ئەو مەبەستەیش یەكەم هەنگاوی بە دەست پێكردنی دانوستان ناوە.

زیاتر گوتی، هەروەها جۆرێك لە دڵنیاییش بە خەڵك دەدات كە ئەم حكوومەتە دەیەوێت بە شێوەیەكی یەكجاری بابەتی دارایی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ یەكلا بكاتەوە و ئیتر ئەو بابەتە وەك چەكێكی خنكێنەر بەدەست عێراقەوە نەمێنێتەوە.

ئەو مامۆستایە ئاماژەی كرد, ئەم سەردانە بۆ عێراقیش گرنگی خۆیی هەیە بەو پێیەی لەوە تێدەگەن كە هەرێمی كوردستان دەیەوێ بەشدارێكی ڕاستەقینەی بڕیار و داهات و سامان و دەوڵەت بێت لە عێراق، ئەو پەیامە وەردەگرن كە هەرێمی كوردستان نیازی پاكە لەوەی دەیەوێت هەردوولا پابەندی دەستوور بن و كەس بەسەر ئەویتردا خۆی نەكاتە پارێزەری دەستوور.

دووپاتی كردەوە كە بۆ خودی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەم سەردانە بایەخی تایبەتی هەیە، چونكە وەڵامێكی باشە بۆ نەیارەكانی عەبدولمەهدی بەوەی كە هەرێمی كوردستان بەتەواوی پابەندی خۆی بە دەستوورەوە ڕاگەیاندووە، نەك بەو جۆرەی كە نەیارەكانی بانگەشەی بۆ دەكەن، گوایە هەرێم سەنگ و قوڕسایی بۆ بەغدا دانانێت. 

كەیوان ئازاد، مامۆستای زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند, سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و شاندی هاوەڵی بۆ بەغدا، گرنگی تایبەتی دەبێت بۆ هەرێم و هەنگاوێكی ئەرێنی گرنگە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوانیان و كۆتاهێنانە بە كێشە و ئاڵۆزییەكان.

زیاتر گوتی, چوونی مەسروور بارزانی بۆ بەغدا هەنگاوێكی زۆر باش بوو بۆ ئەو قۆناغەی ئێستە گرنگ و ئەرێنی بوو, چونكە یەكەم هەنگاوی كابینەی نوێ بە سەرۆكێكی نوێ روو لە بەغدا بوو, كەوایە كارێكی زۆر باش بووە كە هەرێم سەرەتا پێوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا باش بكات دواتر روو لە ناوچەكانی دەوروبەر بكات, هەروەها سەرۆك وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی كە بە دۆستی كورد ناسراوە و بۆ كورد زۆر باشە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل