لەسەر ڕووداوەكەی دوێنێی هەولێر سكاڵا لەسەر چەند میدیایەك تۆمار دەكرێت

:: AM:09:09:18/07/2019 ‌
لەسەر ڕووداوەكەی دوێنێی هەولێر كە كوژرانی كارمەندێكی كونسووڵخانەی توركیا و دوو هاووڵاتی تری لێكەوتەوە سكاڵا لەسەر چەند میدیایەك تۆمار دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی تەمووز، مەتین دلۆڤان بارزانی لە ڕوونكردنەوەیەكی هاتووە، لە كاتی ڕووداوی تەقەكردن لە ڕێستوڕانتێكی هەولێر، من و چەند هاوڕێیەكیش وەك دەیان هاووڵاتیی تر بۆ خواردنی نیوەڕۆ لەوێ بووین. سوپاس بۆ خوا كە هەموومان سەلامەت بووین و بەرنەكەوتین، بەڵام بەداخەوە هەندێ كەسی تر بەركەوتن و بوونە قوربانی.

باسی لەوەشكردووە، دیارە هەندێ كەناڵی نابەرپرسی ڕاگەیاندن، هەبوونی منیان لەوێ قۆستۆتەوە و بۆ مەرامی تر هەواڵی بێبنەمایان لەسەر نووسیوە. لێرەوە ڕایدەگەیەنم كە لەسەر ئەم كەیسە پەنا بۆ یاسا دەبەم و داوای یاسایی لەسەر ئەو كەناڵانە تۆمار دەكەم. 

دوێنێ‌  لە یەكێك لە ڕێستۆرانتەكانی هەولێر لە ئەنجامی تەقەكردنێكدا كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیا كوژرا، دوای ڕووداوەكە ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكدا سەقامگیری ئاسایشی شارەكەی دووپات كردەوە و ڕای گەیاند، بكەرانی ئەو تاوانە دەگیرێن.



وشە - رامیار جەواد