گوته‌یه‌ك هه‌یه ده‌ڵێ "كاركردن مرۆڤ دروست ده‌كات"، به‌گوێره‌ى ئه‌م گوته‌یه بێت هه‌موو مرۆڤێك ده‌بێ كار بكات بۆ ئه‌وه‌ى تواناى خۆى ده‌ربخات، بژێوى خۆى دابین بكات، دواجاریش راستى ئه‌م پێناسه‌یه بهێنێته دى كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ى بۆ كراوه.
به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س هه‌ن هه‌میشه له كارى خۆش و بێ رۆتین ده‌گه‌ڕێن، هه‌ندێكى تر بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كارى نموونه‌ییان هه‌بێ و هاوكارى نایابیان هه‌بێ، له راپۆرتێك كه له ماڵپه‌ڕى "
ئه‌راجیك " بڵاو كراوه‌ته‌وه باس له‌وه ده‌كات كه چۆن كاره‌كه‌ت خۆش ده‌وێ و رقت لێى نابێته‌وه، ئه‌مه‌یش به‌گوێره‌ى چه‌ند راستییه‌ك ده‌بێت كه وا ده‌كات له سروشتى كاركردن بگه‌ین و چه‌ند راستییه‌ك بزانین كه له هه‌موو كاره‌كاندا ئه‌و راستیانه هاوبه‌شن. ئه‌و راستییانه‌یش ئه‌مانه‌ن كه له خواره‌وه ئاماژه‌یان بۆ كراوه
كاركردن ته‌واو نابێت
ئه‌مه یه‌كه‌م راستییه ده‌بێت له‌باره‌ى كاركردنه‌وه بیزانیت و خه‌یاڵت ئاسووده بكه‌یت، ئه‌گه‌ر تۆ چاوه‌ڕوانى رۆژێك ده‌كه‌یت هه‌موو ئه‌ركه‌كانى كاركردنت له كۆڵ بێته‌وه و ته‌نیا له‌گه‌ڵ هاوكاره‌كانت دانیشتن و ده‌مه‌ته‌قێ بكه‌ن، ئه‌وا تۆ خه‌یاڵت خاوه و ئه‌مه هه‌رگیز روو نادات، ئه‌گه‌ر روویش بدات، ئه‌وا ماناى ئه‌وه‌یه ئه‌و شوێنه‌ى تۆ یان كۆمپانیاكه‌ت ده‌رگه‌كه‌ى داخستووه و شتێك نییه ئه‌نجامى بدات.
هیچ كارێك به‌م شێوه‌یه نییه كه ده‌مانه‌وێ
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره بكه‌یت كه خه‌ونى خۆت و زۆر به‌دواى به‌گیركه‌وتنى گه‌ڕاویت. ئه‌وا كاره‌كان به‌و شێوه‌یه ناڕۆن كه تۆ ده‌ته‌وێ، چونكه تۆ ته‌نیا كارمه‌ندێكى له‌م شوێنه، ته‌واوى شوێنه‌كه نیت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خاوه‌نى كۆمپانیایه‌كیش بیت، ئه‌وا سروشتى كاره‌كه‌ت ته‌نیا له‌سه‌ر خواستى تۆ ناوه‌ستێ، به‌ڵكو چه‌ندان كه‌سى تر و بارودۆخى تر رۆڵیان له كاره‌كه‌ت هه‌یه. بۆیه تووشى سه‌رسامى مه‌به و كۆشش بكه تا له‌وه نزیك بێته‌وه كه خۆت ده‌ته‌وێ.
وه‌ڕسبوون و كاركردن هاوڕێى یه‌كترن
ئه‌مه راستییه‌كه، هه‌ر شتێك له دنیا دووباره بێته‌وه، ئه‌وا بێگومان ده‌بێته هۆى وه‌ڕسبوون، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ت نموونه‌یى بێت و ژینگه‌ى كاركردنت زۆر نایابیش بێت. هۆكاره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه تۆ رۆژانه هه‌مان شت دووباره ده‌كه‌یته‌وه. بۆیه ده‌بێت هه‌وڵى بده‌ى له ورده‌كارى كاركردنت چالاكى زیاتر هه‌بێت، یان له پاڵ كاركردن له ژیان وه‌رزش بكه‌یت و ئاره‌زوووى ترت هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى كه‌مێك له بێزارییه‌كه‌ى دوور بكه‌ویته‌وه. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش به‌شێوه‌یه‌كى گشتى بزانه سروشتى مرۆڤ به‌لاى بێزارییه، بۆیه ده‌بێت به‌دواى گۆڕانكاریى و نوێبوونه‌وه‌ى بڕۆیت، ئه‌مه‌یان به‌ده‌ستى تۆ نییه، به‌ڵكو سروشتى مرۆڤه.
چاوه‌ڕوانى پێزانینى كه‌م بكه
مرۆڤ هه‌میشه به‌دواى به‌هایه‌ك ده‌گه‌ڕێ به ژیانى بدات، ده‌بینین كه‌سانێك هه‌ن كاره‌كه‌یان پاره‌یه‌كى زۆریان پێ نادات، به‌ڵام له‌ڕووى واتاییه‌وه به‌هایه‌كیان پێ ده‌دات، بۆیه به‌هادان به‌كار گرنگه. بۆیه هه‌موو مرۆڤه‌كان كه كار ده‌كه‌ن حه‌ز ده‌كه‌ن پێ‌زانین بۆ كاره‌كه‌یان هه‌بێت به‌تایبه‌تى ئه‌و كه‌سانه‌ى لێى به‌رپرسن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ڕێوه‌به‌ر له هه‌موو كارێك ستایشى كارمه‌ندانى ناكات، ئه‌مه‌یش راستییه‌كى تره ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ى كار ده‌كات بیزانێ.
كاركردن به‌هه‌شت نییه
وریا به ئێمه له‌سه‌ر زه‌وین له به‌هه‌شت نین، له كاركردن چه‌ندان جۆر مرۆڤ ده‌بینى، به‌رتیلخۆر، درۆزن، دووڕوو، هه‌روه‌ها له به‌رانبه‌ریشدا كه‌سانى ده‌ستپاك و رێك‌وپێك ده‌بینى، واته شوێنێكى بچووكراوه‌ى دنیایه به تاڵى و شیرینییه‌كانیه‌وه. پێشبینى ئه‌وه مه‌كه هه‌موویان یه‌ك دڵیان هه‌بێ، هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوانى ئه‌وه مه‌كه سه‌رجه‌م كارمه‌ندانى شوێنه‌كه‌ت كارامه بن و پابه‌ند بن به‌كاره‌كانیان، ئه‌مانه هه‌رگیز روو نادات.
ئه‌ركه ئاڵۆزه‌كانى كاركردن
ه‌وه‌ت له‌بیر بێت ئاستى تۆ له بیركارى ته‌نیا ئه‌وكات گه‌شه‌ى كرد كه هاوكێشه ئاڵۆزه‌كانت شیكار كرد، ئایا له‌بیرته چه‌ندانه هه‌ستت به‌دڵخۆشى ده‌كرد؟ له كاركردنیش به‌هه‌مانشێوه چه‌ندان كێشه ده‌دۆزیته‌وه كه سه‌ره‌تا واده‌زانى چاره‌سه‌ریان نییه، به‌ڵام به‌م شێوه‌یه نییه كه تۆ بیرى لێ ده‌كه‌یته‌وه، هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ریان هه‌یه و له‌میانه‌ى ئه‌مه‌یش توانا و كارامه‌ییت له كاركردن گه‌شه ده‌كات.
كاركردن و پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سروشتى كاره‌كه‌ت مامه‌ڵه‌كردن بێت له‌گه‌ڵ ئامێره‌كان، به‌چاوپۆشى له‌وه‌ى حه‌زت یان رقت له پێوه‌ندییه‌كانى كاركردنه، مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مرۆڤ له ژینگه‌ى كاركردن بابه‌تێكى رۆژانه و پێویسته. هه‌ندێك حه‌ز ده‌كه‌ن له كاتى كاركردن له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌كانى ده‌وروبه‌ریان ته‌نیا هاوكار بن، هه‌ندێكى تر حه‌ز ده‌كه‌ن هاوڕێ بن و شاره‌زایى لایه‌نى كۆمه‌ڵایه‌تى یه‌كتر بن، ئاره‌زووت له هه‌ر كامێكیان بێت ده‌بێت پێوه‌ندى كاركردن دروست بكه‌یت و ئه‌مه‌یش كاره‌كانت ئاسانتر ده‌كات.
كاركردن و قوربانیدان
كاره‌كه‌ت هه‌ر چه‌نده ساده و ماندووبوونى كه‌م بێت، ئه‌وا تۆ قوربانى ده‌ده‌یت، له‌وانه له رۆژانى جه‌ژن ده‌وامت به‌رده‌كه‌وێ یان ده‌بێ رۆژانه چه‌ند سه‌عاتێك له خه‌وت كه‌م بكه‌یته‌وه، هه‌ندێك كۆبوونه‌وه‌ى خێزانى له ده‌ست بده‌یت، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بزانى له هه‌موو كارێك ئه‌مه هه‌یه و به ناچارى ده‌بێت ئه‌نجامیان بده‌یت له پێناو مانه‌وه‌ت له كاره‌كه‌ت. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار به‌و قوربانییانه‌یش له كاره‌كه‌ت پێش ده‌كه‌ویت.