هواوی بە بڕی سێ ملیار دۆلار لە ئیتاڵیا وەبەرهێنان دەكات

:: PM:02:23:18/07/2019 ‌

كۆمپانیای هواوی بە فەرمی ئاشكرای كرد تا ساڵی 2021 لە ئیتاڵیا وەبەرهێنان دەكات و سێ هەزار دەرفەتی كار لەم وڵاتە دروست دەكات.

بە پێی ئامارێك كە تۆماس میاو بەڕێوەبەری گشتی لقی ئیتاڵیای هواوی خستیەڕوو، لە دوو ساڵی داهاتوودا نزیكەی ملیارێك و 900 ملیۆن دۆلار لە ئیتاڵیا بۆ دەست پێڕاگەیشتنی بەرهەم و ئامێرەكان، ملیارێك و 200 ملیۆن دۆلار بۆ بازاڕدۆزی و 52 ملیۆن دۆلاریش بۆ توێژینەوە و پەرەپێدانی بەرهەمەكان تەرخان دەكات.

لەو سێ هەزار هەلی كارەی بڕیارە  هواوی لەم وڵاتە دابینی بكات هەزار هەلی كار راستەوخۆ دادەمەزرێن. بەگوێرەی "ئیرنا"وەبەرهێنانی هواوی لە ئیتاڵیا لە كاتێكدایە ترەمپ بە بیانووی  سیخوڕیكردنی كۆمپانیاكە لە هاوبەشەكان و كڕیارەكان، سزای خستووەتە سەر هواوی و رێ نادات بەرهەمەكانی لە ئەمەریكا بفرۆشرێن و داوای لە هاوپەیمانە ئەوروپییەكانیشی كردووە هواوی سزا بدەن و كاری لەگەڵدا نەكەن.

هەفتەی رابردوو باڵوێزی ئەمەریكا لە ئەڵمانیا بە حكوومەتی ئەڵمانیای گوت ئەگەر لە دروستكردنی تۆڕی نەوەی پێنجەمی ئەڵمانیا هاوكاری لە هواوی وەربگرێت، ئەوا ئەمەریكاش چیتر لەگەڵ ئەڵمانیا ئاڵوگۆڕی زانیاری ناكات.



وشە - سلێمان تاشان