هۆكاری نەدانی پارەی گەنمی جووتیاران ئاشكرا دەبێت

:: PM:02:32:18/07/2019 ‌
حكوومەتی عێراق پارەی ئەمساڵی گەنمی جووتیارانی كوردستانی داوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش دەڵێ، بەهۆی نەبوونی پارەی بەردەست نەتوانراوە پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستان و عێراقیش بدرێت. سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاشكرای دەكات، پڕۆژەی ئاوەڕۆی هەولێر لەسەر قەرزی ژاپۆنی بۆ عێراق دروست دەكرێت، داواش كراوە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی كوردستانیش بگەڕێنرێتەوە كە چوار ساڵە بڕاوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی تەمووز، دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاشكرای كرد، بەهۆی نەبوونی پارەی بەردەست، حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستان و عێراقیش بدات.

كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە دوای سەردانی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هات، پاش كۆبوونەوە و تاوتوێكردنی چەند پرسێك، لەوانە پرسی گەڕانەوەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان كە ماوەی چوار ساڵە لەلایەن حكوومەتی عێراق هاوكاتی بڕینی بودجەی كوردستان، بڕاوە.

جێگری سەرۆكی پەرلەمان گوتی "عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بەڵێنی داوە پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستان بە تەواوەتی بدات، بۆ ئەمەش لە ماوەی رابردوو 15 ملیار دیناری رەوانە كردووە".

زیاتر گوتی "تەنیا جووتیارانی كوردستان نین كە پارەكانیان وەرنەگرتووەتەوە، بەڵكو جووتیارانی شارەكانی تری وەك مووسڵ و بەسڕە و نەجەفیش پارەیان وەرنەگرتووە".

عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ "وشە" ئەوەی خستەڕوو، بەشێك لە پارەی گەنمی جووتیارانی ئەمساڵی كوردستان لە ماوەی رابردوودا گەیشتە كوردستان، بەڵام ئەوانەی ساڵانی رابردوو وەك خۆی ماوە.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، ئاماژەی بە پرسی یەكخستنی مووچەی خانەنشینان كرد، گوتی "جێگری سەرۆكی پەرلەمان باسی لە هەنگاوەكانی یەكخستنە كرد، دیارە ئیشی زۆری لەسەر كراوە".

عەلی رەشید، هێمای بۆ دروستكردنی ئاوەڕۆی هەولێر كرد لەلایەن جایكای ژاپۆنی لەسەر قەرزی ژاپۆن بۆ عێراق، گوتی "وەزارەتی دارایی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندییان لەسەر داوە".

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، هێمای بۆ بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان كرد و ئاشكرای كرد، ئەو پرسە یەكێك بووە لە تەوەرەكانی سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، گوتی "ماوەی چوار ساڵە بودجەكە نەدراوە، داوامان كردووە ئەوە بگەڕێندرێتەوە".


وشە - فه‌رمان سادق