وەزارەتی دارایی یەکەم کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام دا

:: PM:02:32:18/07/2019 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری بۆ بەرنامەی كاری وەزارەتەكەی دەكات و هەفتەی داهاتوو بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی تەمووز، لە ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هاتووە، بەسەرپەرشتی ئاوات جەناب نووری وەزیری نوێی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیوانی وەزارەت یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڕێوە چوو.

ڕوون كراوەتەوە، لە سەرەتای كۆبوونەوەكە وەزیری دارایی و ئابووری لەبارەی هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەی پێویستی بۆ ئامادەبووان دا كە پێویستە وەزارەت و خاڵە پێوەندیدارەكانی ئەو بەرنامەیە بكاتە چوارچێوەی گشتی كاری داهاتووی خۆی، ئامادەكردن و ناردنی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بە مەبەستی پەسەندكردنی.

لە میانی كۆبوونەوەكەدا ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەت ڕا و سەرنجی خۆیان لەسەر تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە و كارنامەكە خستەڕوو، بڕیار درا لە هەفتەی داهاتوو كارنامەی وەزارەت گەڵاڵە بكرێ و بەرز بكرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.
                                                                                                                                               



وشە - رامیار جەواد