دوێنێ ئەمەریكا بە فەرمی بڕیاری دوورخستنەوەی توركیای لە پڕۆگرامی بەرهەمهێنانی "ئێف-35"ی ئەمەریكایی دا بەهۆی كڕینی توركیا بۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانی مووشەكی "ئێس-400"ی رووسی، كاریگەرییەكان بۆ سەر توركیا زۆری باس كراوە، بەڵام بۆ سەر ئەمەریكا چی؟
ماڵپەڕی
"پۆلیتیكیۆ"، لەو بارەوە دەڵێت، ئەو سزایەی ئەمەریكا سەرەتایە و رەنگە بە پێی یاسای "كاتسا"، كە لە 2017 دەركراوە، سەرۆكی ئەمەریكا دەتوانێت پێنج سزا لە كۆی 12 سزا بەسەر توركیا بسەپێنێت لە قەدەغەی فرۆشتنی كەرەستەی تەكنۆلۆجی پێشكەوتوو و سزای دارایی و بەرگری و قەدەغەی سەردانیكردنی ئەمەریكای بەرپرسانی توركیا.
بڕیارەكە هاوكات كاریگەریشی بۆ سەر ئەمەریكا دەبێت، چونكە ئێستە توركیا زیاتر لە 900 پارچەی فڕۆكەی جەنگی "ئێف-35" دروست دەكات، بەو پێیەش كە پێوەندییەكانیان لەو بارەوە گەیشتووەتە كۆتایی، بۆیە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا ناچارە بۆ گەڕان بەدوای شوێنگرەوەیەك.
سۆنەر گاپتای، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی توێژینەوەی توركی لە پەیمانگەی واشنتن بۆ توێژینەوەكانی رۆژهەڵاتی نزیك ئاماژەی كرد، واشنتن پێویستی بە وڵاتێكی تر هەیە ئەو پارچانەی بۆ دروست بكات لە وڵاتانی هاوبەشی وەك ئوسترالیا و كەنەدا و دانیمارك و ئیتاڵیا و هۆڵەندا.
زیاتر گوتی، دوورخستنەوەی توركیا رەنگە ببێتە هۆی سستبوونی پرۆسەی بەرهەمهێنانی فڕۆكەكە، چونكە لەوانەیە ئەمەریكا ناچار بێت بۆ چاوەڕوانیكردن بۆ ماوەی ساڵێك یان زیاتر تا وڵاتێك دەدۆزێتەوە ئەوەی ئەنكەرە ئەنجامی دەدا، بۆی ئەنجام بدات.
وەك ئیلین لۆرد، بریكاری وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا دەڵێت، ئەمەریكا پێویستی بە 500-600 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ گواستنەوەی كەرەستەكانی لە توركیاوە بۆ دەرەوە، بەڵام ئەوەی توركیا لەو كارە زەرەر دەكات دەگاتە نۆ ملیار دۆلار، هاوكات ئەنكەرە لەوە دەترسێت كە سزاكانی ئەمەریكا ببێتە هۆی داڕمانی زیاتری بەهای لیرەی توركی كە راستەوخۆ دوای وەرگرتنی توركیا بۆ سیستەمە رووسییەكە، 2%ی بەهاكەی لەدەست دا.