رووسیا ئامادەیە فڕۆكەی جەنگی لە بری "ئێف-35" بفرۆشێتە توركیا

:: PM:05:31:18/07/2019 ‌

دوای ئەوەی دوێنێ ئەمەریكا بە فەرمی توركیای لە پڕۆگرامی بەرهەمهێنانی فڕۆكەی جەنگی "ئێف-35"ی پێشكەوتووی ئەمەریكا دوورخستەوە، ئەمڕۆ رووسیا رای گەیاند كە ئامادەیە فڕۆكەی جەنگی پێشكەوتووی رووسی لە جۆری "سووخۆی-35" بفرۆشێتە توركیا.

دوای ئەوەی لە 12ی ئەم مانگە پارچەكانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی مووشەكی "ئێس-400"ی پێشكەوتووی رووسی گەیشتە توركیا، سەرەڕای هەڕەشەكانی ئەمەریكا، دوێنێ ئەمەریكا بە فەرمی دوورخستنەوەی لە پڕۆگرامی فڕۆكەی جەنگی "ئێف-35" دوورخستەوە.

سێرجی شیمزۆڤ، سەرۆكی كۆمپانیای رۆستكی رووسی ئەمڕۆ پێنجشەم بە ئاژانسی "ئینتەرفاكس"ی راگەیاند، رووسیا ئامادەیە فڕۆكەی جەنگی لە جۆری " Su-35"ی رووسی بفرۆشێتە توركیا ئەگەر ئەنكەرە خواستی لەسەر هەبێت.

دوای بڕیاری توركیا بۆ كڕینی سیستەمە موشەكییە پێشكەوتووەكەی رووسیا و دوورخستنەوەی لەلایەن ئەمەریكاوە لە پڕۆگرامی "ئێف-35"، چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا چەند سزایەكی نوێ بەسەر توركیا بسەپێنێت، لەو كاتەی رووسیا خەریكە دوا پارچەكانی سیستەمی مووشەكی بەرگری ئاسمانی "ئێس-400" رادەستی توركیا دەكات كە بەهاكەی دەگاتە 2.5 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل