سبەی جەنگی مووسڵ دەست پێ دەكات

:: PM:02:06:16/10/2016 ‌

سەرچاوەیەكی سیاسیی ئاگەدار ئاشكرای كرد كە سەعاتی سفری جەنگی مووسڵ دیاری كراوە و بەرەبەیانی سبەی دووشەم جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە چوار قۆڵەوە دەست پێ دەكات.

سەرچاوەكە لەوبارەوە رای گەیاند كە بەرەبەیانی سبەی دووشەم، هێرشكردن بەرەو مووسڵ لە چوار قۆڵەوە بە بەشداری هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپا و دژەتیرۆری عێراق و حەشدی شەعبی و حەشدی نیشتمانی و پۆلیسی فیدراڵ دەست پێ دەكات.

زیاتر گوتی، پۆلیسی فیدراڵ لە قۆڵی باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ بەشداری دەكەن و هێزی پێشمەرگەش لە قۆڵی رۆژهەڵاتی شارەكە، هەرچی قۆڵی باشوورە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و نیشتمانی هێرش دەكەن و هەموو قۆڵەكانیش لەلایەن فڕۆكەی سەربازی هاوپەیمانانەوە پاڵپشتی ئاسمانی دەكرێن.   

عەمید محەمەد حەسەنێن لامی ئەفسەر لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی نەینەوا رای گەیاند كە ئەو هێزانە باشترین جۆری چەك و تفاقی سەربازییان هەیە كە مسۆگەری بردنەوەی جەنگەكە دەكات. ئاماژەی كرد كە ژمارەی ئەو هێزانە كە لە قۆڵەكانی باشوور و باكور و رۆژهەڵاتی شارەكە كۆ بوونەوتەوە و چاوەڕوانی سەعاتی سفر دەكەن، گەیشتووەتە 140 هەزار شەڕوان. 

ئەو ئەفسەرەی كردەوەگەلی نەینەوا دووپاتی كردەوە كە هەماهەنگییەكی گەورە لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە هەردوو قۆڵی باكور و رۆژهەڵاتی مووسڵدا هەیە.

پێنجشەمی رابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی نەینەوا بەمەبەستی دیاریكردنی سەعاتی سفری جەنگی مووسڵی كۆ بووەوە، بڕیاریش درا بە بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە ئازادكردنەوەی شارۆكەی تەلەعفەر و هۆزەكانی مووسڵیش لە ئازادكردنەوەی دەشتی نەینەوا.

بەپێی سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا، ئەو هێزانەی لە جەنگەكە بەشدارن، بریتین لە فیرقەكانی 17 و 15ی سوپای عێراق و هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق و ژمارەیەك لیوای زریپۆش و فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵ و پۆلیسی ناوەخۆیی پارێزگەی نەینەوا بۆ پاراستنی ئاسایش لە دوای ئازادكردنەوە.

روونی كردەوە كە جەنگەكە بەپاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بەڕێوە دەچێت و رێككەوتن كراوە كە حەشدی شەعبی لە ئازادكردنەوەی شارۆكەی تەلەعفەر بەتەنیا بەشداری بكەن، هەرچی هۆزە سونەكانیشە تەنیا لە دەروبەری مووسڵ. 

رۆژی هەینی شانەی راگەیاندنی جەنگ سەر بە سەركردایەتی كردەوەگەلی هاوبەش رێنوێنییەكانی تایبەت بە رووماڵكردنی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵی راگەیاند و تیایدا بڵاو كردنەوەی هەر هەواڵێكی تایبەت بە جەنگەكە جگە لە سەرچاوە رێپێدراوەكان قەدەغە كرد و ئەو كەس و لایەنانەشی دیاری كرد كە دەتوانن لێدوان بدەن.

هەفتەی رابردوو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش دووپاتی ئامادەبوونی هێزە بەشدارەكان لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ كرد بۆ دەست پێكردنی جەنگەكە كە جگە لە هێزە تەناهییەكانی عێراق، هێزی پێشمەرگە و هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكاش بەشداری تیادا دەكەن.  

وشە/مەدا پرێس


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل