ئەرجەنتین حزبوڵای لبنانی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی پۆلێن دەكات و پشكەكانی ئەو حزبە لەو وڵاتە بلۆك دەكات، ئەوەش لە ساڵوەگەڕی هێرشێكی ئەو حزبە لەسەر خاكی ئەرجەنتین كە دەیان كەسی كردە قوربانی.
ناساندنی
ئەرجەنتین بۆ حزبوڵای لبنانی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی دوای 25 ساڵ هات لە تەقینەوەی سەنتەرێكی جووەكان لە بۆینس ئایرسی پایەتەختی ئەو وڵاتە و بووە هۆی كوژرانی 85 كەس، دواتر دەركەوت چەند ئەندامێكی ئەو حزبە لەو هێرشەدا تێوەگلاون.
دەسەڵاتدارانی ئەرجەنتین ئۆباڵی ئەنجامدانی هێرشەكەی لە 1994 رووی دا، دەخەنە سەر ئێران و حزبوڵای لبنانی، لەوكاتەی تا ئێستە تاران و ئەو حزبە رەتی دەكەنەوە كە ئەوان لەپشت هێرشەكەوە بن. لەوكاتەی لە 2006 دوو داواكاری گشتیی ئەرجەنتینی بەفەرمی تۆمەتیان ئاراستەی حكوومەتی ئێران كرد بەوەی فرمانی بە میلیشیاكانی حزبوڵا داوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەكە، كە لە 2015 یەكێك لەو دوو داواكارە گشتییە كوژرا.
لە 1992 تەقینەوەیەك باڵوێزخانەی ئیسرائیلی لە ئەرجەنیتن كردە ئامانج و بەو هۆیەوە 29 كەس كوژران كە تەنیا چواریان ئیسرائیلی بوون، ئەوكات گرووپێك بەناوی "بزاوی جیهادی ئیسلامی لبنان"، بەرپرسیارەتی ئەنجامدانی هێرشەكەی راگەیاند كە گومانی لاگیری بۆ ئێرانی لێ دەكرا و دواتر چووەتە ناو ریزەكانی حزبوڵای لبنانی.