ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رای دەگەیەنێت كە چاودێری بڕیارەكەی حكوومەتی هەرێم دەكەن بۆ جێبەجێكردن و پابەندبوونی دەوامی فەرمانبەران و دووپاتی كردەوە كە بەشی زۆری فەرمانگەكان پابەندی دەوامن و دەوام ئاسایی بووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم بەرزان محەمەد, جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند, بڕیارەكەی حكوومەت بۆ پابەندبوون بە دەوامی فەرمانبەران، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە و پێویستە هەموو لایەك بەو بڕیارەوە پابەند بن و جێبەجێی بكەن.
زیاتر گوتی, ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی چاودێرە و هەر بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەیەك پابەندی بڕیارەكە نەبێت، بەدواداچوونی بۆ دەكەین و لەسەر هەموو دەزگایەك پێویستە ئێستە دەوامی ئاسایی خۆی بكات.
محەمەد ئاماژەی كرد، ئاگەداری ئەوەین كە دەوامی پارێزگا ئاساییە و فەرمانگەكانی تریش دەوامی هەفتانە و رۆژانەیان ئاسایی كردووەتەوە و تا سەعات دوو و نیوی پاش نیوەڕۆ دەوام
دەكەن.
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رای گەیاند كە ئەگەر فەرمانگەیەك یان بەڕێوەبەرایەتییەك رۆژێكی هەفتەی كردبێت بە پشوو بۆ فەرمانبەران، لەسەر پارێزگار پێویستە بڕیارەكە جێبەجێ بكات و ئەنجوومەنی پارێزگاش دەسەڵاتی چاودێریكردنی هەیە و هەر لایەك پابەند نەبێت لە هۆكارەكەی دەكۆڵینەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە"، تا ئێستە چەند فەرمانگە و دەزگایەكی حكوومەت فەرمانبەرەكان یەك رۆژ دەوامیان بە تەناوب كردووە بە پشوو, پێشتریش بەشێكی زۆری فەرمانگەكان دەوامی رۆژانە و هەفتانەیان ئاسایی كردەوە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی