نامه‌كه‌ى بۆ حه‌پسه‌خانى نه‌قیب
پێشتر ده‌مزانى ڕۆشنبیر و وه‌ڕگێر و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌رى كورد محه‌مه‌د عه‌لى عه‌ونى(1) جگه له‌وه‌ى وه‌ڕگێرێكى زۆرباش بووه، له‌ڕێى وه‌ڕگێڕانى چه‌ندان كتێبى مێژوویى تایبه‌ت به‌گه‌لى كورد بۆ سه‌ر زمانى عه‌ره‌بى و ئاشناكردنى ڕۆشنبیران و خوێنده‌وارانى عه‌ره‌ب به مێژووى كورد, هاوكات خۆشنووسێكى به‌توانا بووه. بۆیه ده‌مێكه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووم تابلۆیه‌ك یان نووسراوێكى ئه‌وم ده‌ست بكه‌وێت تا بتوانم به‌پێى ئه‌و خه‌ته‌ى نووسیویه‌تى بڕیار له‌سه‌ر به‌هره و توانای هونه‌رى خۆشنووسییه‌كه‌ى بده‌م, ئایا ته‌نیا خه‌تى خۆش بووه یان خۆشنووسێكى به‌توانا بووه؟
هه‌رچه‌ند ده‌مزانى ئه‌و نووسه‌رى تایبه‌تى (مه‌لیك فارووق)ى پاشای میسر بووه و هه‌ر كه‌سێكیش خۆشنووسێكى به‌توانا نه‌بووایه به نووسه‌ر دایاننامه‌زراند له دیوانى مه‌له‌كى، جگه‌له‌وه‌ى چه‌ندان وه‌زیفه‌ى تریان پێ سپاردووه وه‌ك سه‌رپه‌رشتیارى كتێبخانه‌ى ته‌لارى پادشایه‌تى(2) له قاهیره و به‌رپرسى پاراستنى به‌ڵگه‌نامه مێژووییه‌كانى سه‌رده‌مى (محه‌مه‌د عه‌لى پادشا)ى دامه‌زرێنه‌رى میسرى نوێ بووه. له‌لایه‌كى تریشه‌وه به‌هۆى شاره‌زایى له زمانه‌كانى كوردى و عه‌ره‌بى و توركى و فارسى و هه‌ندێكیش فڕه‌نسى، بۆیه بووبووه لێزان و شیكارێكى به‌توانا له بوارى ڕوونكردنه‌وه‌ى هێڵه مێژووییه‌كان له زمانه‌كانى كۆن و نوێ‌دا.
له ساڵانى هه‌شتاكاندا له گۆڤارى (المختار الاسلامیه)(3)ى میسرى نووسینێكم خوێنده‌وه له‌باره‌ى محه‌مه‌د عه‌لی عه‌ونی كه باسى له هه‌ڵوێستێكى جوامێرانه‌ى ئه‌وی ده‌كرد كه چۆن داوایه‌كى مه‌لیك فارووقى ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه و ڕ‌ازى نه‌بووه (شجره)ى بنه‌ماڵه‌كه‌ى بنووسێته‌وه و پشتاوپشت بیانباته‌وه سه‌ر ئیمام عه‌لى, ڕووبه‌ڕووش پێى گوتبوو: ئاماده نیم شتێك بنووسمه‌وه باوه‌ڕم پێى نه‌بێت و له وه‌همه‌وه هاتبێت.
هه‌موو ئه‌مانه‌ی باس كران گه‌واهى ئه‌وه ده‌ده‌ن كه محه‌مه‌د عه‌لى عه‌ونى خۆشنووس بووه, بۆ زیاتر سه‌لماندنى قسه‌كانمان و دڵنیابوونم له‌وه‌ى خۆشنووس بووه, له ساڵى 2006 له سه‌ردانێكم بۆ میسر به‌مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له خولێكى ڕۆژنامه‌نووسیدا، سه‌ردانى ماڵى خۆشنووسى میسرى به‌ناوبانگ ئه‌بو عه‌لى(4) كه پێشتر نیشته‌جێى به‌غدا بوو، هه‌واڵى محه‌مه‌د عه‌لى عه‌ونیم له‌و پرسی و گوتى: ئێسته‌یش ماڵه‌كه‌ى ماوه و پێى ده‌ڵێن (ڤێلا عه‌ونى)، دڵنیاشت ده‌كه‌م كه خۆشنووسێكى به‌توانابوو، به‌ڵام هیچ تابلۆیه‌كى له بازاڕدا نییه، چونكه ئه‌و ته‌نیا نامه‌كانى مه‌لیك فارووقى ده‌نووسییه‌وه.
سه‌ربارى هه‌موو ئه‌وانه، نه‌متوانى بڵێم خۆشنووس بووه تا ئه‌لبوومى وێنه‌كانى (حه‌پسه‌خانى نه‌قیب)(5)م ده‌ست كه‌وت و نامه‌یه‌كى زۆر به نرخى محه‌مه‌د عه‌لى عه‌ونیم تێدا بینى به زمانى كوردى و خه‌تى جۆرى (دیوانى)(6) بوو، تا ئه‌مڕۆش كه‌م خۆشنووس هه‌یه بتوانێت به‌و جۆره خه‌ته بنووسێته‌وه كه عه‌ونی هێنده ناوازه و جوان نووسیویه‌تی, بۆیه ئێسته به دڵنیاییه‌وه ده‌توانم بڵێم محه‌مه‌د عه‌لی عه‌ونی خۆشنووسێكى به‌توانا بووه و ئه‌گه‌ر له داهاتووشدا تابلۆیه‌ك یان هه‌ر نووسراوێكى تری ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌مان ده‌ست كه‌وت، ده‌توانین قسه‌ى زیاترى له‌سه‌ر بكه‌ین.
پرۆفایلى محه‌مه‌د عه‌لی عه‌ونى:
*ناوى ته‌واوى محه‌مه‌د عه‌لى كوڕى عه‌بدولقادر ئه‌فه‌ندى عه‌ونى سیوه‌ركى)یه.
*له ساڵى 1897 له ده‌ڤه‌رى سیوه‌ركى سه‌ربه شارى دیاربه‌كر له باكورى كوردستان له دایك بووه.
*خوێندنى سه‌ره‌تایى و ناوه‌ندى و دواناوه‌ندى له په‌یمانگه‌كانى توركیا ته‌واو كردووه, دواتر چووه بۆ زانكۆى ئه‌زهه‌ر و به شه‌ش ساڵ كه له بنه‌ڕه‌تدا 12 ساڵ بووه، توانى بڕوانامه‌ى به‌رز به‌ده‌ست بهێنێ.
*سه‌ره‌تا به وه‌ڕگێڕى زمانه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان له دیوانى مه‌له‌كى دامه‌زرا و دواتر بوو به نووسه‌رى تایبه‌تى مه‌لیك فارووق و چه‌ندان پله‌وپایه‌ى به‌رزى تر‌ى پێ درا.
له 11ى 7ى 1952 له ته‌مه‌نى 65 ساڵیدا كۆچى دوایی كرد.
به‌رهه‌مه‌كانى عه‌ونى:
* كتێبى (شه‌ره‌فنامه)ى شه‌ره‌فخانى به‌دلیسى وه‌ڕگێرایه سه‌ر زمانى عه‌ره‌بى و هه‌ر له میسر چاپ و په‌خشى كرد.
*له ساڵى 1936 كتێبى (خوڵاسه‌ى مێژووى كورد و كوردستانى) ئه‌مین زه‌كى به‌گى له كوردییه‌وه وه‌ڕگێڕایه سه‌ر زمانى عه‌ره‌بى و هه‌ر له میسر چاپ و په‌خشى كرد.
*ساڵى 1948 كتێبى (مێژووى میرنشینه كوردییه‌كان له جیهانى ئیسلامی‌دا)ى ئه‌مین زه‌كى به‌گى وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانى عه‌ره‌بى.
*نامیلكه‌یه‌كى نووسیوه به‌ناوى (خانه‌واده‌ى ته‌یموورییه‌كان) كه بنه‌ماڵه‌یه‌كى كوردن و خاوه‌ن پێگه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى و ئه‌ده‌بى به‌رز و به‌ناوبانگن له میسر.
*سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان
1_ژیاننامه‌ى محه‌مه‌د عه‌لی عه‌ونی له ئینته‌رنێته‌وه وه‌رگیراوه.
2_هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو.
3_ئه‌لبوومى وێنه‌كانى حه‌پسه‌خانى نه‌قیب. (له ئاماده‌كردنى دره‌خشان جه‌لال حه‌فید) سلێمانى 2008.
4_ئه‌مه‌ش جۆرێكه له جۆره‌كانى خۆشنووسین وه‌ك (خه‌تى روقعه و فارسى و سولس و نوسخ و كوفى......هتد).
وشه/ كه‌ركووك- عه‌بدولستار جه‌بارى