عەلی زەنگەنە: لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر هونەرمەندانی کەرکووک پشتگوێ خران

:: AM:11:53:19/07/2019 ‌

هونەرمەندی شاری کەرکوک عەلی زەنگەنە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ "وشە" دەڵێ: لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە هونەرمەندان لە کەرکووک پشتگوێ خراون، ئەمەش ڕەشبینی لای هونەرمەندانی ئەم شارە دروست کردووە و بگرە هەندێک لە هونەرمەندانیش ئەم شارەیان بەجێ هێشتووە.

ئەمڕۆ هەینی 19ی تەمووز، هونەرمەند عەلی زەنگەنە تایبەت بە "وشە" ی ڕاگەیاند، کەرکووک هەمیشە تایبەتمەندی خۆی هەیە له هونەری کوردی و مەقاماتە كوردییه‌كان، ئەمەش هیچ کات و زەمەنێک كار ناکاتە سەری، بەڵام جوڵانەوەی هونەری پێش 16ی ئۆکتۆبەر زۆر جووڵەیەکی باشی هەبوو له هەموو ئاستەکانی هونەر و بەشدارییەکی زۆری فێستیڤاڵەکانی شانۆ و مۆسیقا و شێوەکاری ده كرا له شارەکانی كوردستان، بەڵام ئێستا زۆر کەم بووەته‌وه‌.

زیاتر ڕونی کردەوە، سەندیکای هونەرمەندانی كوردستان له کەرکووک دەورێکی سەرەکی هەبوو له کۆکردنەوەی هونەرمەندان و ئەنجامدانی چالاکی و بەشداری فێستیڤاڵ و هاوکاری هونەرمەندان، بەڵام بۆ زیاتر له شەش ساڵە بودجەی لێ بڕاوە و تەنانەت پارەشی بۆ نانێردرێت لە هیچ شوێنیك، هەروەها ئەنجوومەنیش ئاگادار کراونەتەوە كه سەندیکای کەرکووک هیچ داهاتێکی نییە و ئێوەش هیچ یارمەتییەک نانێرن.

زیاتر گوتی: ئێمە پشتگوێ خراوین بە تایبه‌ت پاش 16ی ئۆکتۆبەر سەندیکای کەرکووک وەکو منداڵێک بزر بووە، هەروەها لەگەڵ ئەنجوومەنێکی سارد و بێ توانا کە هیچ کارێکیان پێ ئەنجام نادرێت و تەنانەت نوێنەرەکەمان له ئەنجوومەن تا وەکو ئێستا نەهات بڵێت دەردی ئێوە چییە، بۆیە هونەرمەندانی کەرکووک ڕەشبینن بەرامبەر پشتگوێ خستنیان، هەروەها کەمی بەرهەمیش بۆ بارودۆخی تایبەتی کەرکووک دەگەڕێتەوە، چونکە هونەر بە گشتی ئاو و  هەوای گونجاوی دەوێت بۆ پێشکەوتن، بۆیە ئێمەش له کەشوهەوایەکی تەماوی داین، بۆیە هونەرمەندە کەرکووکییەکان زۆربەیان دەچنە شارهكانی تر، منیش بەرهەمی تازەم زۆرە بەڵام بە هۆی بێ پارەیی له ئێستادا ناتوانم تۆماری بکەم و کلیپی بۆ بکەم، هەروەها سوپاس بۆ خوا كه توانیم له ڕۆژانێک چەپکە گوڵێک پێشکەش بە هونەری کوردی بکەم.

عەلی زەنگەنە لە ساڵی 1956 لە شاری کەرکووک لە دایک بووە، تا ئێستا سێ گۆرانی کلیپ کردووە و چوار گۆرانیشی لە وێستگەی بەغدا تۆمار کردووە و لە چەندان فێستیڤاڵ و بۆنەی نەتەوەیی و نیشتیمانی بەشدار بووە، لەگەڵ کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی بە دەنگ بەشداری لە فیلمی " مەرەزە" دا کردووە،  هەروەها چەند گۆرانی و شانۆگەرییەکی بۆ منداڵان پێشکەش کردووە و ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە و لە کارەکەی خۆیدا بەردەوامە.

كه‌ركووك/ گەرمیان گلی



وشە - ڕێناس شابان