پاش ئه‌وه‌ی هه‌واڵی مردنی حسێن جسمی گۆرانیبێژی عه‌ره‌ب له‌ناو میدیاكان بڵاو كرایه‌وه، خۆی له‌ڕێی تویتێكه‌وه هه‌واڵه‌كه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه و مژده‌ی سه‌لامه‌تیی به هه‌وادارانی دا.
چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو، هه‌واڵی مردنی حسێن جسمی گۆرانیبێژی ناسراوی ئیماراتی له‌ناو میدیا عه‌ره‌بییه‌كاندا بڵاو كرایه‌وه، وا له هه‌وادارانی تێگه‌یه‌نرا، كه گوایه لاشه‌ی مردووی ئه‌م هونه‌رمه‌نده له‌ناو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا دۆزراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌وادارانی جسمی نیگه‌ران كرد و هه‌رایه‌كی زۆری له‌سه‌ر دروست بوو.
حسێن جسمی له‌ڕێی هه‌ژماره‌كه‌ی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، تویتێكی بڵاو كرده‌وه و مژده‌ی سه‌لامه‌تی خۆی به هه‌وادارانی دا و ده‌ڵێ: وه‌ڵامی ئه‌و ده‌نگۆیانه مه‌ده‌نه‌وه و گوێیان پێ مه‌ده‌ن.. سوپاس بۆ خوای گه‌وره.
به‌م تویته‌ی جسمی هه‌وادارانی دڵخۆش بوون و دڵنیا بوونه‌وه له‌وه‌ی ته‌ندروسته و هێشتا له ژیاندا ماوه، هه‌ر بۆیه ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆر له‌و میدیاییانه گیرا كه هه‌واڵی ناڕاستیان له‌سه‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌نده بڵاو كردبووه‌وه.