تارا محه‌مه‌د ئه‌مین له دایكبووی شاری سلێمانییه و په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی له‌وێ ته‌واو كردووه. ساڵی 1994 له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی "ئه‌نوه‌ر سابیر"ی شێوه‌كار ڕوو له نه‌رویج ده‌كه‌ن و له‌وێ تارا به‌شی كولتووری نه‌رویجی له كۆلێژی هونه‌ر ده‌خوێنێت. تا ئێسته چه‌ندان تابلۆی سه‌رنجڕاكێشی دروست كردووه كه زۆربه‌یان گوزارشت له سروشت، كه‌سایه‌تییه ناوداره‌كان و جینۆسایدی گه‌لی كورد، ستیلایڤ و پۆرترێت.. هتد ده‌كه‌ن. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا وه‌ڵامی چه‌ندان پرسیار ده‌داته‌وه.
خولیای هونه‌ری وێنه‌كێشان لای ئێوه بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه و تا ئێسته خاوه‌نی چه‌ند تابلۆی؟
خولیای سه‌رهه‌ڵدانی هونه‌ری وێنه‌كێشان لای من بۆ ته‌مه‌نی نۆ ساڵی ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌و تابلۆیانه‌ی بوونیان هه‌یه و لام پارێزراون، هه‌روه‌ها به‌وانه‌یشی به‌خشراون نزیكه‌ی 87 تابلۆم هه‌یه. تابلۆكانیش زۆربه‌یان گوزارشت له "سروشت، كه‌سایه‌تییه ناوداره‌كان، جینۆسایدی گه‌له‌كه‌مان و ستیلایڤ و پۆرترێت و.. هتد" ده‌كه‌ن.
چۆن بوو زۆر له تابلۆكانت تایبه‌ت كردووه به جینۆسایدی شنگالییه‌كان؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی جینۆساید و ئه‌نفالی شنگالییه‌كان تراجیدیایه‌كی ئه‌وه‌نده مه‌زنه، پێویسته هونه‌رمه‌ندان هه‌ریه‌ك له ئاستی خۆیه‌وه گوزارشتی لێ بكه‌ن، من به تابلۆكانم و نووسه‌ر به نووسینه‌كانی، شاعیر به هه‌ڵبه‌سته‌كانی و شانۆكار به ده‌قه شانۆییه‌كانی گوزارشتی بكات تا له هزری هه‌موواندا به زیندوویی بمێنێته‌وه.
ده‌ته‌وێ له‌ڕێی هونه‌ره‌وه چی بۆ شنگالییه‌كان بكه‌یت؟
ده‌مه‌وێ له‌ڕێی تابلۆكانمه‌وه ئه‌م تراجیدییانه‌ی به‌سه‌ر گه‌لی كورد و شنگالییه‌كاندا هاتووه به گه‌لانی تریشی بناسێنم، وه‌ك ده‌ڵێن وێنه‌یه‌ك یه‌كسانه به هه‌زار وشه، ده‌توانم بڵێم تابلۆ زمانێكی هاوبه‌شه و هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك لێی تێده‌گات.
تا چه‌ند توانیوته ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی كورد له‌ڕێی هونه‌ره‌وه پێشانی دنیا بده‌یت؟
هه‌رچه‌نده ئه‌و كارانه‌ی كردوومن زۆر كه‌من له ئاست ئه‌و كاره‌ساته گه‌ورانه‌ی به‌سه‌ر گه‌لی كورددا هاتوون، تابلۆكانم له په‌یجی تایبه‌تی خۆم و ئینستاگرام و گه‌له‌رییه‌كه‌م نمایش ده‌كه‌م، به‌ڵام پێویسته لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان له هه‌رێمی كوردستان هاوكاری و كارئاسانیمان بۆ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ندان زیاتر هان بدرێین و له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌مانه‌وه خزمه‌ت به گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین، چونكه تا ئێسته هه‌رچییه‌كم كردبێت، هیچ كه‌س ده‌ستی نه‌گرتووم و هاوكاری نه‌كردووم، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كردوومه ته‌نیا ویستی خۆم بووه، ئه‌ویش سه‌رچاوه ده‌گرێت له هه‌ستكردنم به به‌رپرسیارێتی بۆ پیشاندانی نه‌هامه‌تییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان.
تا ئێسته چه‌ند پێشانگه‌ی تایبه‌ت و هاوبه‌شت كردووه‌ته‌وه؟
جیا له یه‌ك پێشانگه‌ی تایبه‌ت، تا ئێسته شه‌ش پێشانگه‌ی هاوبه‌شم كردووه‌ته‌وه، پێنج له‌و پێشانگایانه له‌گه‌ڵ ئه‌نوه‌ری هاوسه‌رم و كۆمه‌ڵێ شێوه‌كاری نه‌رویجی بووه له شاره جیاوازه‌كانی نه‌رویج. هه‌روه‌ها دوو پێشانگه‌ی ترم به هاوبه‌شی له سلێمانی كردووه‌ته‌وه. جگه له‌مانه، پێشانگه‌یه‌كی تایبه‌تیشم له ساڵی 2016 هه‌ر سلێمانی كردووه‌ته‌وه.
به تێڕوانینی تۆ وێنه‌كێش و شێوه‌كار چ جیاوازییان هه‌یه؟
شێوه‌كار و وێنه‌كێش له بنچینه‌دا هه‌مان سه‌رچاوه‌ن، دواتر به‌پێی توانا و ئاره‌زووه‌كان جیا ده‌بنه‌وه، واته شێوه‌كار تابلۆ ده‌كێشێت، به‌ڵام وێنه‌كێش ده‌توانێت هه‌م وه‌ك په‌یكه‌رساز كار بكات، هه‌م ده‌توانێت له بواری "سیرامیك و گرافیك و زه‌خره‌فه و.. هتد" كار بكات.
تا ئێسته سوودت له به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانی گه‌وره‌ی جیهانی له بواری شێوه‌كاریدا بینیوه؟
به دیاریكراوی نه‌خێر، به‌ڵام به‌گشتی ئاگام له كاری هونه‌رمه‌نده به تواناكانه.
تا ئێسته هیچ به‌رهه‌مێكت هه‌بووه جێی سه‌رنج بێت و كڕیاری زۆری له‌سه‌ر بێت؟
به‌ڵێ له پێشانگه هاوبه‌شه‌كاندا چه‌ند به‌رهه‌مێكم داوایان له‌سه‌ر بووه و فرۆشراون، به‌رده‌وام داوای پۆرترێتم لێ ده‌كرێ له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتدا.
تابلۆكانت زیاتر به‌چی ده‌كێشی؟
تا ساڵی 1999یش تابلۆكانم به زه‌یت ده‌كێشا، دواتر خولیای به‌كارهێنانی ئهكڤارێلۆ قه‌ڵه‌م و بۆیه و قه‌ڵه‌م ڕه‌ش بووم.
جگه له شێوه‌كاری، به‌هره‌ت له چ بوارێكی تر هه‌یه و حه‌ز و خولیات به‌لای چ شتێكی تر ده‌چێ؟
جگه له هونه‌ری وێنه‌كێشان، ئاره‌زووی موزیك و گۆرانی ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها ڕۆیشتن یه‌كێكی تره له ئاره‌زووه‌كانی من. جگه له‌مانه زۆر حه‌ز به پایسكلسواری و مه‌له‌كردن ده‌كه‌م.
وشه/ محه‌مه‌د جه‌مال