بۆ یه‌كه‌مین جار له كوردستان هونه‌رمه‌ندێك له پێشانگایه‌كدا وێنه و وشه تێكه‌ڵ ده‌كات و مانایه‌كی پێ ده‌به‌خشێت و بینه‌ر سه‌رقاڵی بیركردنه‌وه ده‌كات.
به‌رزان سه‌عید كه پێشانگاكه‌ی كردووه‌ته‌وه و له لێدوانێكدا به "وشه"ی راگه‌یاند، پێشانگای وشه و وێنه‌ی هاوچه‌رخم كرده‌وه له هۆڵی ئه‌منه‌سووره‌كه كه نزیكه‌ی 200 بابه‌تم نمایش كردووه و وشه و وێنه ته‌واوكه‌ری یه‌كن و یه‌ك مانا ده‌به‌خشن.
سه‌باره‌ت به بیرۆكه‌ی كردنه‌وه‌ی ئه‌و پێشانگا جیاوازه به‌رزان سه‌عید گوتی، هه‌میشه بیر له شتی جیاواز ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌مجاره‌یان حه‌زم كرد كه به‌م شێوازه جیاوازه پێشانگایه‌ك له‌سه‌ر ئاستی كوردستان بكه‌مه‌وه كه پێشتر نه‌كرابێت، له هونه‌ری شانۆدا جۆرێك له نمایش هه‌یه كه بێده‌نگییه و مانا ده‌به‌خشێت، باوهرهكهم ئه‌م پێشانگایه‌ی منیش جۆرێك بێت له هونه‌ری بێده‌نگی و كه‌سه‌كان به ته‌ماشاكردنی لێی تێبگه‌ن.
به‌رزان سه‌باره‌ت به سه‌ردانیكه‌رانی پێشانگاكه گوتی، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌هاتنه پێشانگاكه بۆ سه‌یركردنی وێنه و وشه‌كان، سه‌ره‌تا لایان قورس بوو لێی تێنه‌ده‌گه‌یشتن، به‌ڵام دواتر كه چه‌ند وێنه‌یه‌كم بۆ ڕوون ده‌كردنه‌وه ئیتر ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ وێنه‌كان شاره‌زاییان په‌یدا ده‌كرد و خۆیان مانای وێنه‌كانیان ده‌وت و به‌شێكی زۆریان به زه‌رده‌خه‌نه‌وه هۆڵه‌كه‌یان جێ ده‌هێشت به‌هۆی كاریگه‌ری وێنه و وشه نمایشكراوه‌كان له‌سه‌ریان.
به‌رزان سه‌عید گه‌وهه‌ر له شاری سلێمانی له‌دایك بووه و هه‌ر له منداڵییه‌وه سه‌رقاڵ بووه به بواری هونه‌ری و له بواری شانۆ و ده‌رهێنان و شێوه‌كاری كاری كردووه و پێشانگای وشه و وێنه یه‌كه‌م پێشانگای تایبه‌تیه‌تی و له سلێمانی كردوویه‌تیه‌وه.
سلێمانی/ ئاریان محه‌مه‌د