سوپای پاسداران 11 هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان دەڕفێنێت

:: PM:12:32:21/07/2019 ‌

سوپای پاسدارانی ئێران لە كوێستانەكانی شارەدێی حاجی ئۆمەران ژمارەیەك شوانكار و سەدان سەر مەڕ و بزنی هاووڵاتییانی گرتووە.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی تەمووز، فەرزەنگ ئەحمەد بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران بە "وشە "ی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران لە كوێستانی بەردەسۆران، 420 سەر مەڕی هاووڵاتییانی ئاودیوی سنوورەكەیان كردووە، دواتر خاوەنی مەڕەكان بە ژن و پیاو بەدوایدا دەچن تا مەڕەكانیان وەربگرنەوە، بەڵام سوپای پاسداران 11 لە مەڕدارەكان دەگرن و ژنەكانیش رەوانەی سنووری كوردستان دەكەنەوە .

بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران دەڵێت، هەموو هەوڵێك دەخەینە گەڕ بۆ ئازادكردنی ئەو هاووڵاتییانە و مەڕوماڵاتەكانیان, بۆ ئەم مەبەستە سەرووی خۆمان ئاگادار كردووەتەوە و لە رێی ھێزەكانی پاسەوانی سنووریش پێوەندیمان بە ھێزەكانی ئێرانەوە كردووە تا ئازادیان بكەن .

"تا ئێستە روون نییە سوپای پاسداران خاكی هەرێمی كوردستانیان لە سنووری ئێمە بەزاندووە و داخل بوونە یان مەڕدارەكان چوونەتە ناو خاكی ئێران". فەرزەنگ ئەحمەد وای گوت.

ئەوە جاری یەكەم نییە هێزەكانی ئێران لەسەر سنوورەكان مەڕوماڵاتی هاووڵاتییان دەبەن و كاسبكاران دەگرن، ساڵی رابردوو لە سنووری سیدەكان سەر بە شارۆكەی سۆران، سوپای پاسدارانی ئێران بە بیانووی نزیك كەوتنەوە لە بنكە و بارەگاكانیان دەیان سەر مانگای هاووڵاتییانی سیدەكانیان ئاودیو كردووە و تا ئێستە نەیان گەڕاندووەتەوە .

شارەدێی حاجی ئۆمەران لەڕووی كارگێڕییەوە سەربە شارۆكەی چۆمانە، بە دووریی 192 كم لە رۆژهەڵاتی هەولێر هەڵكەوتووە، دەڤەری باڵەكایەتی لە شارۆكەیەك و چوار شارەدێ پێكهاتووە، رووبەری جیۆگرافیای شارەدێی حاجی ئۆمەران بریتییە لە 140 كم چوارگۆشە كە 10%ی دەشتاییە و 60%ی شاخاوییە، 30%ی گردە، ژمارەی گوندەكانی 19 گوندە و لە ساڵی 1976 بووەتە شارەدێ، خاوەن ژمارەیەك كوێستان و لەوەڕگەی باشە و لە وەرزی بەهار و هاوینان جیا لە خاوەن بزن و مەڕ و مانگای ناوچەكە لە شار و شارۆكە جیاجیاكانی كوردستانیش بە مەبەستی لەوەڕاندنی ئاژەڵەكانیان رووی تێدەكەن.

حاجی ئۆمەران/ موڕشید برادۆستی

 



وشە - هیدایه‌ت جان