لەسەر دەنگۆی فڕێدانی ژنێكی بەتەمەن ڕوونكردنەوە دەدرێ‌

:: PM:04:43:21/07/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی دەنگۆی فڕێدانی ژنێكی بە تەمەن لە شارەكە بڵاو دەكاتەوە.

لە ڕوونكردنەوەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هاتووە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و چەند كەناڵێك دەنگۆی فڕێدانی ژنێكی بەساڵاچوو بڵاو كرایەوە لە گەڕەكی نەورۆزی شاری هەولێر، دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی فڕێدانی ژنەكە تیمی تایبەتی خانەی بەساڵاچووان بە پزیشكەوە لە شوێنەكە ئامادە بوون و گواستیانەوە نەخۆشخانە.

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە، ئەو ژنە بەساڵاچووە بەهیچ شێوەیەك فڕێ نەدراوە، بەڵكو ڕێی ماڵەوەی لێ تێكچوو بوو و كەسوكارەكەی بردیانەوە ماڵەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەكە داوا لە میدیاكاران دەكات بەنەبوونی زانیاری پێویست سۆزی هاووڵاتییان بۆ خۆیان بەكار نەهێنن و خێزانی ئەو ژنە و خێزانی تر تووشی دڵەڕاوكێ نەكەن.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم