ئەردۆغان هەڕەشەی هێرشكردنە سەر قوبرس دەكات

:: PM:06:32:21/07/2019 ‌
لە 45ـەمی ساڵیادی دابەشكردنی دوورگەی قوبرس، هێشتا بارگرژییەكان لە نێوان توركیا و قوبرس، توركیا و یۆنان كۆتایی نەهاتووە و قووڵتر بووەتەوە بەهۆی دەرهێنان و وەبەرهێنان لە غازی سروشتی. ئەردۆغان هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازی دەكات و یۆنانیش پێشنیاری هاریكاری دەكات.

تا دێت بارگرژییەكانی وەبەرهێنان لە غازی سروشتی لە قوبرس زیاتر دەبێت،  رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە نامەیەكدا بۆ مستەفا ئەقینجی سەركردەی توركەكانی قوبرس دەڵێ، كەس گومانی نەبێت لەوەی سوپای توركیا هەمان هەنگاوی 45 ساڵ پێش ئێستە هەڵدەگرێت بۆ پاراستنی گەلی توركی قوبرسی، گوتی "ئەوانەی پێیان وایە دوورگەیی قوبرسی و سامانەكەی تەنیا بۆ ئەوانە، ئەوا دەبێت بەرەنگاری توركیا ببنەوە"، زیاتر گوتی "تاكە چارەسەر ئەوەیە ئەو سامانە دەبێت بە یەكسانی دابەش بكرێت و پشكی توركە قوبرسییەكانی لێ بدرێت".

دوورگەی قوبرس ساڵی 1974 لەلایەن توركیا بە پاساوی پارێزگاری كردن لە مافی توركەكانی سەر دوورگەكە، هێرشی سەربازی كرایەسەر، لەوكاتەوە تا ئێستە دابەشی سەر دوو بەش بووە، لە ئێستەشدا ئەو دوورگەیە لە هەموو ناوچەیەكی تری جیهان هێزی سەربازی تێدایە.

هەڕەشەكانی ئەردۆغان لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا بڕیاریاندا سزای توركیا بدەن بەهۆی گەڕان و هەوڵی دەرهێنانی غازی سروشتی لە كەناراوەكانی قوبرس، ئەو بڕیارەی یەكێتیی ئەوروپاش لەسەر داوای قوبرسی یۆنانی بوو، بەگوێرەی بڕیارەكەش، گەڕان و دەرهێنانی غازی سروشتی لە كەناراوەكانی قوبرس لەلایەن توركیا، نا یاساییە.

هەر ئەمڕۆ یەكشەم، كیریاكوس میتسوتاكیس سەرۆك وەزیرانی یۆنان، داوای هاریكاری لە توركیا كرد بۆ سوودمەند بوون لە سامانی سروشتی دوورگەی قوبرس بۆ بەرژەوەندی هەردوو وڵات.

سەرۆك وەزیرانی یۆنان، لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی رای گەیاند، حكوومەتی ئەسینا پێداگیرە لەوەی خۆی لە لێدوانی ئاگرین بە دوور بگرێت و هەوڵبدات دۆخەكە بە هاریكاری چارەسەر بكات لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی. گوتی "داو الە ئەردۆغان دەكەم رێگایەكی هاوبەش بگرێتە، تا هەردوولا بەیەكەوە لە ناوچەكە بژین، چونكە بارگرژی پێویست ناكات و پێشبڕكێی هەردوو وڵاتیش بۆ خۆ پڕ چەك كردن، هەردوو وڵات لە داهاتی سروشتی ناوچەكە بێبەش دەكات".


وشە - فه‌رمان سادق