روونكردنەوەی وەزارەتی دارایی لەبارەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە

:: PM:10:02:21/07/2019 ‌

دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە و تا ئێستە چەند وەزارەتێك مووچەیان وەرگرتووە، هاوكات بەهۆی نەهاتنی ئەو بەشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە لە بەغدا لە چوارچێوەی بودجەی عێراق پەسند كراوە، فەرمانبەران پرسیارایان لا دروست بووە لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی رەوانەكردنی ئەو بڕە پارەیە و دابەشكردنی مووچەیان.
لەو كاتەی بەپێی زانیارییەكانی دەست "وشە" كەوتووە كە هۆكاری دواكەوتنی ئەو بڕە پارەیە لە بەغدا تەكنیكییە و هیچ كێشەیەك لەئارادا نییە و پارەكە دەگات، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەك لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە دەدات و دووپاتی دەكاتەوە كە هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر مووچەی فەرمانبەراندا نەهاتووە.

وەك لە روونكردنەوەكەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی كرد، وەك وەزارەتی دارایی هەرێم لە دابەشكردنی مووچە بەردەوامین، بەڵام تا ئێستە پارە لە بەغداوە نەگەیشتووە.

دووپاتی كردەوە، بەرنامەی دابەشكردنی مووچەی فەر‌مانبەران هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە و هەركاتێك بەغدا پارەی نارد، بەگوێرەی ئەو خشتەیەی دانراوە، مووچە دابەش دەكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل