پەرلەمانتارێك: رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە هیچ كێشەیەكی نییە

:: PM:11:09:21/07/2019 ‌

ئەندامێكی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای دەگەیەنێت كە هیچ گرفتێك لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە نییە و دووپاتی دەكاتەوە كە پارەكە لە كاتی خۆیدا خراوەتە سەر حیسابی هەرێم.

ئەمڕۆ یەكشەم جەمال كۆچەر, ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند, وەزیری دارایی عێراق فوئاد حوسێن پێی راگەیاندین كە پارەی هەرێمی كوردستان هیچ گرفتێكی تێدا نییە و لە كاتی خۆیدا وەك مانگەكانی رابردوو واژوو كراوە و ناردوومانە.

زیاتر گوتی, وەزیری دارایی عێراق پێی گوتووین كە هیچ گرفتێك لە بەردەم پارەی هەرێم نییە, مانگەكانی رابردوو چۆن پارە دراوەو نێردراوە، ئەم مانگەش لە كاتی خۆیدا پارەكە دەگاتە هەرێمی كوردستان. بۆیە رەوانەكردنی پارە دوا ناكەوێت و هەموو مانگێك لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژدا لەم كاتانەدا پارە دەگاتە هەرێم.

شایەنی باسە بەپێی یاسای بودجەی گشتی 2019ی عێراق، بەغدا هەموو مانگێك بڕی 454 ملیار دینار وەك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە چوارچێوەی یاساكە دەخاتە سەر حیسابی هەرێم و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی پێ دەدرێت.

لای خۆیەوە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەك لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە دەدات و دووپاتی دەكاتەوە كە هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر مووچەی فەرمانبەراندا نەهاتووە.

وەك لە روونكردنەوەكەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی كرد، وەك وەزارەتی دارایی هەرێم لە دابەشكردنی مووچە بەردەوامین، بەڵام تا ئێستە پارە لە بەغداوە نەگەیشتووە.

دووپاتی كردەوە، بەرنامەی دابەشكردنی مووچەی فەر‌مانبەران هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە و هەركاتێك بەغدا پارەی نارد، بەگوێرەی ئەو خشتەیەی دانراوە، مووچە دابەش دەكرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل