لە نێو مووسڵ چی ڕوو دەدات...تیرۆریستان چی بە خەڵكی دەكەن

:: PM:02:50:16/10/2016 ‌

سەرچاوەیەك لە ناوەوەی شاری مووسڵ ئاشكرای كرد، داعش بریندارەكان دەنێرێتە سووریا و گیراوان لە گرتووخانەكان ئازاد دەكات و پیلان و تاكتیكی نوێ دادەڕێژێت، ئەو گیراوانەشی ئازادیان دەكات، بە زۆر ناچاریان دەكات كە خەندەق لە دەوروبەری مووسڵ لێ بدەن، تا بتوانن بەر لە پێشڕەوی هێزەكان بگرن لەوكاتەی هێرش بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكە و وەدەرنانی تیرۆریستان دەست پێ دەكات.

تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، تیرۆریستان لە نێو مووسڵ گیراوانیان ئازاد كردووە كە لەسەر جگەرەكێشان و كەمكردنەوەی ڕیش و لەبەرنەكردنی جلی ئیسلامی پێشتر گیرابوون.

ئەو كەناڵە لە سەرچاوەیەكی ناو مووسڵەوە بڵاوی كردووەتەوە، كە داعش ئازادكراوان ناچار دەكات چاڵ لە ناوچە جیاجیاكانی مووسڵ هەڵبكەنن و تا ئێستە 12 خەندەقیان لە رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ تەواو كردووە، بەمەش ئەو خەندەقانەی دروستیان كردووە ژمارەیان لە زیادبووندایە و تا گوندی حەمدانیە هاتوون.

لەلایەكی ترەوە تیرۆریستان دوێنێ شەموو 14 چەكداری خۆیان گرتووە و دەستبەجێ لە سێدارەیان داون، بەهۆی ئەوەی ویستوویانە لە مووسڵەوە بەرەو ڕەقە ڕا بكەن.

پێشتر رێكخراوی تیرۆریستی داعش تەندەرێكی لە شارەكە ڕاگەیاندووە، كە هەر گرووپێك بتوانن بە درێژایی 100 مەتر خەندەقیان بۆ لێ بدەن، ئەوا بڕی چوار هەزار دۆلاری ئەمەریكییان پێ دەدەن.

ئاماژەی داوە، بەهۆی بۆردمانی بەردەوامی فڕۆكەكان و تۆپخانەكانی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری تلكێف و گوێڕ لە باكور و رۆژهەڵاتی مووسڵ، كارەكانی هەڵكەندنی ئەو خەندەقانە دوا كەوتوون، ئێستەش تیرۆریستان خێزان و منداڵی ئەوانەیان گرتووە كە خەندەقەكان لێ دەدەن، هەڕەشەی ئەوەیان لێ كردوون ئەگەر كارەكان تەواو نەكەن، هاوسەر و منداڵەكانیان دەكوژن.

سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە تیرۆریستانی ناو مووسڵ ترسی زۆریان لە هێرشی باكوری و رۆژهەڵاتی مووسڵەوە هەیە، چونكە لەو ناوچانە پێشمەرگە زۆر نزیكن لە سەنتەری مووسڵەوە، بۆیە دەیانەوێ لە رێی خەندەق و ئاگرتێبەردانی نەوتی ڕەش لە نێو خەندەقەكان، بەر لە پێشڕەوییەكان بەشێوەیەكی خێرا بگرن.

دوێنیش تیرۆریستان چەند بیرە نەوتێكی گەیارەیان ئاگر تێبەردا و بەوهۆیەوە دووكەڵی ڕەش ئاسمانی رۆژئاوای شاری هەولێر و شارەكەی تەنی.

بەگوێرەی لێدوانی فەرماندە سەربازییەكان، هەموو ئامادەكارییەكانی هێرش بۆ سەر مووسڵ تەواو بوون و فەرماندەی میحوەرەكان لە سەعاتی سفڕدان بۆ هێرشكردنە سەر مووسڵ.

بڕیارە هێرشەكە لە پێنج میحوەرەوە بێ، لە گەیارە و گوێڕ و خازر و بەعشیقە و سەدی مووسڵ و ئاسكی مووسڵەوە بەرەو ناوەوەی مووسڵ هێزەكان پێشڕەوی بكەن.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی نیشتمانی و دژە تیرۆری عێراق و پۆلیسی فیدراڵی هێرش بكەنەوە سەر مووسڵ تا لە دەست تیرۆریستانی داعش دەری بهێنن.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.

سەرچاوە: سێ ئێن ئێن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د