رۆژنامەیەكی بەریتانی ئاشكرای كردووە كە هاوسەری پێشتری ئەستێرەی گۆرانیی ئەمەریكی "مایكڵ جاكسن"، لە كتێبێكدا چەندان نهێنیی ئەو ئەستێرەیە ئاشكرا دەكات، پێگەی "فەرفیش"یش هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە.
رۆژنامە بەریتانییەكە
ئاشكرای كردووە، لیزا ماری بریسلی كە تاكە كچی ئەستێرەی گۆرانیی پۆپ "ئەلفیس بریسلی"یە كە لە ساڵی 1977 كۆچی دوایی كردووە، گرێبەستێكی لەگەڵ "گالێری بۆكس" واژوو كردووە بەرانبەر بە چوار ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی كە كتێبێكی تایبەت بە ئاشكراكردنی نهێنییەكانی مایكڵ جاكسن بڵاو بكاتەوە.
لەو كتێبەدا بریسلی باس لە نهێنییەكانی هاوسەرگیریی خۆی و جاكسن دەكات، هاوكات تێیدا چەندان نهێنیی جاكسن ئاشكرا دەكات كە تا ئێستە كەس پێی نەزایون.
رۆژنامەكە باسی ئەوەشی كردووە كە لیزا ماری بریسلی لە ساڵی 1993 تووشی خۆشەویستیی مایكڵ جاكسن بووە و لە ساڵی 1994 هاوسەرگیرییان كردووە و تا 1996 پێوە ژیاون. ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە جاكسن و بریسلی لە 1995دا بە كردەنی لە یەكتر جیا بووبوونەوە، بەڵام بە فەرمی لە 1996 بەیەكجاری جیابوونەوە.
دوای ئەوەی لە ساڵی 2009 مایكڵ جاكسن كۆچی دوایی دەكات، ئۆپرا وێنفری كە راگەیانكارێكی زۆر ناوداری دنیا و ئەمەریكییە، لە 2010دا دیمانەیەكی لەگەڵ لیزا ماری بریسلی كرد و لەوێدا باسی یەكەمین چاوپێكەوتنی خۆی و جاكسنی كردووە.
بەڵام نە رۆژنامە بەریتانییەكە و نە پێگەی "فەرفیش"یش، باسی ئەوەیان نەكردووە كە ئەو كتێبە كەی بڵاو دەكرێتەوە.
مایكڵ جاكسن كە گۆرانیبێژ و سەماكارێكی ئەمەریكایی و جیهانییە و لە ناوەندە هونەرییەكەدا بە "پاشای پۆپ" دەناسرێتەوە، لە ساڵی 1958دا لە ویلایەتی ئیندیانای ئەمەریكا لە دایك بووە. ئەو لە تەمەنی 11 ساڵییەوە گۆرانی دەڵێت كە لە رێی باوكیەوە "جۆزیف جاكسن" ئەو رێیەی گرتووەتە بەر. لە ساڵی 1969دا چووەتە كالیفۆڕنیا و لەوێ بە فراوانی دەركەوتووە و لەگەڵ هونەرمەندە گەورەكانی ئەو شارە كاری هونەری كردووە. دوای ئەوەی وەك ئەستێرەیەكی گۆرانی هاتە ناسین، لە 1979دا بەشداریی لە یەكەمین فیلمی سینەمایی كردووە بە ناوی "سەحەر".
زیاتر لە 50 ئەلبوومی بڵاو كردووەتەوە و سەدان ملیۆن هەواداری لە دنیادا هەیە، هەروەها سەدان خەڵاتی جۆراوجۆری پێ بەخشراوە. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2009دا لە نەخۆشخانەی بلوس ئەنجیلۆس كۆچی دوایی كرد كە تا ئێستەیش گومان لە مردنەكەی دەكرێت، زۆربەی گومانەكان بۆ ئەوە دەچن كە بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە گیانی لە دەست داوە.