یەكێتی كێشەیەكی تری تێكەوت.. پێوەندی بە كۆسرەت رەسووڵ و قوباد تاڵەبانییەوە هەیە

:: PM:07:54:06/08/2019 ‌
یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناوی كاندیدی پۆستەكانی داوەتە مەكتەبی سیاسی، هەریەكە لە قوباد تاڵەبانی و كۆسرەت رەسووڵ بە سیڤییەكاندا دەچنەوە، ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبەیش رای دەگەیەنێت، بۆ هەر پۆستە و ژمارەیەك خەڵك سیڤیان پێشكەش كردووە.

ئەمڕۆ سێشەم شەشی ئاب، محەمەد وەتمان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بۆ پۆستی‌ خوار وەزیرەكان و بەرپرسە ئیداریەكان وەك بەڕێوەبەر و بریكاری‌ وەزیرەكان، ژمارەیەكی زۆری خەڵك تەنانەت لەناو مەڵبەندەكانیش خۆیان كاندید كردووە، ناوەكان دراوەتە مەكتەب سیاسی‌، بە قوباد تاڵەبانی‌ و كۆسرەت رەسووڵ پۆستەكان یەكلا دەكەنەوە و پڕیان دەكەنەوە، بەجۆرێك ئەوەی‌ پێویستی‌ بەمانەوە بوو لەشوێنی‌ خۆی‌ دەیهێڵنەوە، ئەوەی‌ پێویستی‌ بەگۆڕینیش بوو كەسێكی تر لە شوێنی‌ دادەنێن.

بەرپرسەكەی یەكێتی گوتی، بۆ سەرجەم ئەو پۆستانە زۆر كەس خۆیان كاندیدكردووە، بەڵام تائێستە ناوی‌ هیچ كەسێك یەكلا نەكراوتەوە و لەناو ئەو هەموو سی ڤییە كە پێشكەش كراوە ڕەنگە كێشە و ناڕەزایی هەبێت.

لە بارەی پۆستی سەرۆكی ئیدارەی گەرمیان گوتی، بۆ ئەو پۆستەیش چەند كەسێك خۆیان كاندید كردووە و چاوەڕوانی ئەوە دەكەن یەكێك لەو دوو كەسە ئەو پۆستەی پێبدرێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بەهۆی ئەوەی بۆ پۆستەكانی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكوومەتدا خەڵكێكی زۆر خۆی كاندید كردووە، كێشە لەناو یەكێتی درووست بووە و ئەستەمە قوباد تاڵەبانی و كۆسرەت رەسووڵ بتوانن ئەو هەموو كێشەیە یەكلا بكەنەوە.

 سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم