لەبارەی جۆرە ڤایرۆسێك هاووڵاتییان ئاگەدار دەكرێنەوە

:: PM:09:55:06/08/2019 ‌
بەهۆی هەڵگرتنی (ڤایرۆسی نیوكاسل) لە سنووری شارۆكەی سەیدسادق چەندان مریشك كە شیاوی خواردن نەبوون، لەلایەن تیمە هاوبەشەكانەوە لەناوبران.

تەها ئەحمەد لێپرسراوی راگەیاندنی قایمقامییەتی شارۆكەی سەیدسادق، بە "وشە"ی راگەیاند، لەسەر بڕیاری قایمقام لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامێتمان، پشكنین و بەدواداچوونیان كرد بۆ سەرجەم دوكانی مریشك فرۆشەكان، بەمەبەستی دڵنیابوون لە تەواوی كێشانەكانیان و گونجاوی بۆ خواردن لەڕووی تەندروستیەوە.

زیاتر گوتی، لەو گەڕان و بەدواداچوونانە بۆ ئەو مریشكانەی كە دەیفرۆشن بە هاووڵاتییان، چەندان مریشكی نەخۆش كە هەڵگری ڤایرۆسی (نیوكاسل) بوو، شیاوی خواردن نەبوون لەناوبران.

هەروەك ئاماژەی بەوە كرد، سەرجەم هاووڵاتییان ئاگادار دەكەینەوە كە لەكاتی كڕینی مریشكی زیندوو دڵنیابن لەساغی وّ سەلامەتی مریشكەكە.

شارۆكەی سەیدسادق، نزیكەی 48 كیلۆمەتر لەشاری سلێمانییەوە دوورە و ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاتر لە100 هەزار كەس دەبێت.

سەیدسادق/ رێبین پێنجوێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم