تروسكه توت ئاغاجی له دایكبووی مهاباد، ئێسته له هه‌ولێر نیشته‌جێیه. خاوه‌نی چێشتخانه‌یه‌كی تایبه‌ته كه خواردنه رۆژهه‌ڵاتییه‌كانی لێ ئاماده ده‌كرێت. تروسكه جگه له كاری رۆژانه‌ی خۆی، شیعریش ده‌نووسێت. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ده‌ڵێت، وه‌ك چۆن پیاو حه‌ز ده‌كات شیعر بۆ ژن بنووسێت، ژنیش حه‌ز ده‌كات شیعر بۆ پیاو بنووسێت.
چ شتێك تۆی به دنیای شیعر ناساند؟
باپیر و باوك و مامم هه‌موویان مامۆستای قوتابخانه بوون، بۆیه هه‌ر له منداڵییه‌وه چاوم به كتێب و كاغه‌ز و قه‌ڵه‌م ئاشنابوو، دنیای شیعر دنیایه‌كی سه‌یره، له ناكاو چاو ده‌كه‌یته‌وه و ده‌بینی له‌گه‌ڵ وشه‌كان یاریی ده‌كه‌یت و بزه و خۆشه‌ویستی و جوانی ده‌هۆنییه‌وه، منیش بۆ یه‌كه‌مجار كه نه‌متوانی قسه‌كانم به وشه ده‌رببڕم كردمه شیعر و نه‌مهێشت له ناخمدا بخنكێت.
چ كاتێك بۆ ئێوه‌ی شاعیر گونجاوه تا بتوانن شیعرێك بنووسن؟
شیعر كاتی نییه، یان بڵێی له‌م رۆژه یان له‌م شه‌وه‌دا شیعرێك ده‌نووسمه‌وه، كه ئازارت بینی ده‌بێته شیعر و ده‌بێته هه‌ست.
بۆچی تۆ زیاتر شیعر به‌سه‌ر جوانی و باڵای پیاوان ده‌نووسی؟
له‌ناو شیعری ژناندا پیاو گه‌وره‌ترین رۆڵ ده‌گێڕێت، من پیاوم خۆش ده‌وێت و ناتوانم دژایه‌تی بكه‌م، چۆن بۆ پیاو ژن سه‌رچاوه‌ی جوانی و هه‌ست و خۆشه‌ویستییه، بۆ منیش پیاو هاوڕێ و خۆشه‌ویست و ئومێده، كه‌واته به دڵی خۆم ده‌توانم شیعر و په‌خشانی پێشكه‌ش بكه‌م.
هاوسه‌ره‌كه‌ت ئیره‌ییت پێ نابات كه شیعر به‌سه‌ر پیاواندا ده‌نووسیت؟
هه‌رگیز ئیره‌ییم پێ نابات چونكه خۆشی ده‌زانێت شتێك له مێشكمدا بێت، ده‌بێت بینووسم، هاوسه‌رم هاوڕێی 20 ساڵ ژیانمه و من زۆرباش ده‌ناسێت .
شیعر به كوێت ده‌گه‌یه‌نێت؟
شیعر میهره‌بانه و له باوه‌شت ده‌گرێت، راتدهژێنێت و لایه‌لایه‌ت بۆ ده‌كات، كارێك ده‌كات له باوه‌شیدا ئاسووده بیت.
بۆ كێ ده‌نووسیت؟
كه‌سێكی تایبه‌ت نییه، هه‌ر كه‌سێك یان شتێك توانیبێتی سه‌رنجم بكێشێته لای خۆی، بووه‌ته هه‌وێنی شیعرم، بۆ شه‌یتان چونكه هه‌ستم كردووه ئێسته ده‌بێ زمانی ئه‌و بم، شیعرم نووسیوه، بۆ خوا بۆ وڵات بۆ بستێك خاكی ئازاد شیعرم نووسیوه.
هیچ له شیعره‌كانت بووه‌ته گۆرانی؟
كاتێ له رۆژهه‌ڵات بووم دوو جار گۆرانیبێژێك داوای لێ كردم، به‌ڵام ئه‌وكات نه‌مده‌توانی شیعری پێ بده‌م.
به خۆشه‌ویستی هاوسه‌رگیریت كردووه یان به رێكه‌وت؟
من و هاوسه‌رم به خۆشه‌ویستییه‌كی زۆر تایبه‌ت زه‌ماوه‌ندمان كرد، بنه‌ماڵه‌ی من هه‌موویان دژی زه‌ماوه‌ندی من بوون به‌تایبه‌ت دایكم، به‌ڵام خۆشه‌ویستی كاری خۆی كرد و به‌سه‌ر هه‌موو كۆسپه‌كان سه‌ركه‌وتم.
له شیعره‌كانت وا ده‌رده‌كه‌وێ چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌سێك بكه‌یت؟
چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌س ناكه‌م، كه‌سێك كه رۆیشت ئیتر رۆیشت، ژیان پڕه له‌و هاتوچۆیانه، مرۆڤه‌كان دێنه ناو ژیانمان و بۆ خۆیان مێژوویه‌ك تۆمار ده‌كه‌ن، حه‌زیان كرد ده‌مێننه‌وه، ده‌نا ده‌ڕۆن.
تۆ له نێوان دوو كاری جیاوازدای، هه‌م شیعر هه‌م ده‌ستی كابانی، چۆن ئه‌م دوو كاره به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستیته‌وه؟
شیعر هی ده‌روون و هه‌ست و نه‌سته، به‌ڵام كاركردن زۆر جیاوازه، بۆیه چێشخانه‌یه‌كی بچووكم داناوه و تێیدا زیاتر ئارام بم، رۆژانه هاوڕێیانی زۆر ده‌بینم كه سه‌ردانم ده‌كه‌ن، شاعیره‌كان، ژنه نووسه‌ره‌كان، ئه‌كته‌ر و رۆژنامه‌نووسان ده‌بینم و زیاتر هه‌ست به دڵخۆشی ده‌كه‌م.
خولیای چ كارێكی تری؟
خولیاكانم هێنده گه‌وره‌ن كه له خۆمدا لێیان ده‌ترسم، به‌ڵام ده‌یانكه‌مه راسته‌قینه، گومانت نه‌بێت ده‌بمه خاوه‌نی رێستورانتێك كه هه‌رچی شاعیره له‌وێ بیانبینی و نه‌چنه هیچ شوێنێكی تر.
بۆچی كه‌متر شیعری شاعیری ژن ده‌كرێت به گۆرانی؟
نازانم من گۆرانیبێژ نیم و قه‌ت بیرم له‌و جیاوازییه نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌و بڕوایه‌دام شیعری پیاو بوێرانه‌تره، پیاو زۆر به ئاسانی هه‌سته‌كان ده‌نوێنێت، تا ئێسته ژن نه‌یانوێراوه ده‌ریببڕن و خۆ له قه‌ره‌ی بده‌ن، بۆ وێنه پیاوێك له شیعری خۆیدا زۆر ئاسایی باسی سینگ و قه‌د و باڵا و جوانییه تایبه‌تییه‌كانی ژن ده‌كات.
به‌نیاز نیت نامیلكه بڵاو بكه‌یته‌وه؟
زۆر حه‌ز ده‌كه‌م نامیلكهكهم بڵاو بێته‌وه، به‌ڵام به شێوازی حه‌زی خۆم حه‌زم له كتێبێكی ئاسایی نییه كه له‌ناو كتێبه‌كانی كتێبخانه‌یه‌ك ون بێت، حه‌زم له شتێكی جیاوازه ئه‌گه‌ر بكرێت كتێبێك به هه‌موو ئه‌و شیعرانه و وێنانه‌ی كه بڵاوم كردوونه‌ته‌وه، هه‌تا نووسراوه بچووكه‌كانیش كه وه‌ك شیعر ناچن .
هیچ شیعرێكی تایبه‌تت بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ت نووسیوه؟
به‌ڵێ شیعرم بۆ گوتووه به‌ڵام بڵاوم نه‌كردووه‌ته‌وه.
هاوسه‌ره‌كه‌ت حه‌ز به شیعر ده‌كات؟
نه‌خێر به‌داخه‌وه هه‌ر زۆریش له شیعر بێزاره، به‌ڵام له‌به‌ر دڵی من جارجار به بزه‌یه‌ك لایكم ده‌كات، منیش پڕ به دڵ سوپاسی ده‌كه‌م.
شیعر برینی دڵ ساڕ‌ێژ ده‌كات؟
لای من شیعر برین ساڕ‌ێژ ناكات، به‌ڵكو برین قووڵتر ده‌كات.
وشه/دیمانه‌ی ئه‌حمه‌د تاریق