وه‌ك زانای كۆمه‌ڵناسی ئیبن خه‌لدوون ده‌ڵێ، هونه‌ر هاوشێوه‌ی پیشه و داهێنان، "ما بعد المعاش" سه‌رهه‌ڵده‌دا، وه‌ك خه‌لدوون شی ده‌كاته‌وه له كۆمه‌ڵگه‌ی به‌ده‌وی و ده‌وارنشینی كۆنی عه‌ره‌بی، پیشه، هونه‌ر و داهێنان دروست نه‌بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی دانیشتووانی خه‌ریكی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێی خێڵه‌كی بوون، له دۆخی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا بوون و به‌رده‌وام بیر له جه‌نگكردنه‌وه‌یش مرۆڤ به هونه‌ر ناگات.
كوردستان به درێژایی دیرۆك به ئێسته‌شه‌وه له جه‌نگ و ململانێی خوێناویدا بووه، به‌ڵام ئێسته كه ژماره‌یه‌ك له گه‌نجان، تازه هه‌وڵی سه‌رده‌رهێنان و ئه‌فراندنی هونه‌ری ده‌ده‌ن، كۆمه‌ڵگه به هۆی داخراوی و دواكه‌وتوویی خۆیه‌وه، خه‌ریكی سه‌ركوتینه‌وه‌یانه.
هێمن خۆفیا، گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 22 ساڵی دانیشتووی سلێمانییه، به‌گوته‌ی خۆی له 2008ه‌وه ده‌ستی به كاری هونه‌ری كردووه، چوار كورته فیلمی پێشتر به‌رهه‌م هێناون، له ماوه‌ی رابردوودا به بۆنه‌ی دواترین به‌رهه‌می هونه‌ریی كه فیلمێك بووه به ناوی "هاوڕه‌گه‌زخواز"، هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر دروست بووه و ئێسته كاره‌كانی فیلمه‌كه‌ی راگرتووه.
هێمن به "وشه"ی راگه‌یاند، "مه‌به‌ستم له ئیشكردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته، بریتی بوو له‌وه‌ی كه ده‌ست بۆ ئیشێك ببه‌م، پێشتر كاری له‌سه‌ر نه‌كرابێت، دوای ته‌واوكردنی فیلمه‌كه‌م، ئه‌گه‌رچی هێشتاش نمایش نه‌كراوه، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌ی زۆر هاتووه‌ته سه‌ر خۆم و ئه‌كته‌ره‌كانم".
ده‌رهێنه‌ری فیلمی "هاوڕه‌گه‌زخواز" رای ده‌گه‌یه‌نێت، "له به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كاندا داوای پشتیوانی و به‌رگریم له هیچ شوێنێك نه‌كردووه، چونكه من بۆ فیلمه‌كه مۆڵه‌تی یاساییم وه‌رنه‌گرتووه، ئه‌وه‌ش چونكه پێش به‌رهه‌مهێنانی فیلمه‌كه، داوام له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی سینه‌مای سلێمانی كرد، هاوكارییان نه‌كردم، بۆیه ناچار وه‌ك سه‌رۆكی گرووپی سینه‌مایی "باڵا" به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ فیلمه‌كه‌م به‌رهه‌م هێنا".
هێمن باس له‌وه ده‌كات كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه مه‌به‌ستیان ئه‌وه نه‌بووه فیلمه‌كه بۆ خه‌ڵكی گشتیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان نمایش بكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌و هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌كانیشی به پێی گرێبه‌ست وا پێك هاتووه كه فیلمه‌كه له ده‌ره‌وه نمایش بكرێت، لێره‌ش ته‌نیا له شوێنێكی تایبه‌ت و بۆ ژماره‌یه‌ك كه‌سی بژارده نمایش بكرێت. به‌ڵام سه‌ره‌تا بڕیاری ئه‌وه‌یان دابوو كه تڕایله‌ر و پۆسته‌ری رێكلامی فیلمه‌كه بڵاو بكه‌نه‌وه، كه‌چی ئێسته به هۆی هه‌ڕه‌شه‌كانه‌وه، ئه‌وه‌شیان راگرتووه و هیچیان بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه.
خۆفیا سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر خۆی و ستافه‌كه‌ی بۆ "وشه" روون ده‌كاته‌وه و ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ژماره‌یه‌ك رێكلامی بۆ فیلمه‌كه كردووه و له هه‌ندێك رۆژنامه و میدیادا باسی فیلمه‌كه‌ی كردووه، ئیتر هه‌م به ته‌له‌فۆن و هه‌م له رێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یان هاتووه‌ته سه‌ر، هه‌ندێك له هه‌ڕه‌شه‌كارانیش به ناوی لایه‌نی تایبه‌ته‌وه خۆیان ناساندووه.
به‌شدار سامی، گه‌نجێكی تری دانیشتووی هه‌ولێره، فۆتۆگرافه‌ره و له بواری ئیرۆتیك كار ده‌كات، به هۆی كاره‌كانییه‌وه، له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به چه‌ندان ناو و ئه‌كاونتی جیاواز هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌كرێ، به‌گوته‌ی خۆی هه‌ڕه‌شه‌كان "ده‌ستبڕین"، "كوشتن" و "كامێرا سووتاندن"یان تێدایه، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ده‌ربڕینی تری نه‌شیاو بۆ سه‌ر خۆی و كه‌سوكاری.
هه‌ڕه‌شه و توانجه‌كانی سه‌ر به‌شدار، له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان په‌ڕیونه‌ته‌وه و له‌سه‌ر شه‌قامیش زۆرجار توانجی لێ ده‌گیرێت و ده‌ڵێت، "هێرشی جه‌سته‌ییم نه‌كراوه‌ته سه‌ر، به‌ڵام له شوێنه گشتییه‌كان هێرشی زاره‌كیم به‌رده‌وام ده‌كرێته سه‌ر".
ئه‌و فۆتۆگرافه‌ره به "وشه"ی راگه‌یاند، "هۆی كاركردنم له فۆتۆگرافیی ئیرۆرتیك بریتییه له باوه‌ڕم به‌وه‌ی كه ئه‌و هونه‌ره لێره‌ش وه‌ك هه‌موو دنیا ده‌بێ هه‌بێ، به‌ڵام تا تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه به‌رامبه‌ر هونه‌ر ده‌گۆڕێ و له به‌رهه‌مه‌كانمان تێ ده‌گات، كاتی ده‌وێ".
له‌باره‌ی ده‌ستپێكی كاركردنی خۆشیه‌وه ده‌ڵێ، "سه‌ره‌تا پێوه‌ندیم به ژماره‌یه‌ك فۆتۆگرافه‌ره‌وه كرد بۆ ئه‌وه‌ی به هاوبه‌شی له بواری ئیرۆتیكدا كار بكه‌ین، به‌ڵام هه‌موویان له ترسی خێزان و كۆمه‌ڵگه ره‌تیان كرده‌وه، ناچار خۆم به ته‌نیا كاره‌كه‌م كرد؛ ژماره‌یه‌ك ئیشی ئیرۆتیكیم كرد و ساڵی 2013 له هۆڵی سه‌نته‌ری ئاڵا، هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆڕێكی شیعریی شاعیر قوبادی جه‌لیزاده، پێشانگه‌یه‌كم كرده‌وه و فۆتۆكانم نمایش كرد".
به‌ڵام دوای نمایشكردنی فۆتۆكانی له‌و پێشانگه‌یه و چه‌ند شوێنێكی تر، هه‌ڵمه‌تی هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئه‌و فۆتۆگرافه‌ره ده‌ستی پێ كردووه و رای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی زۆریی هێرش و ریپۆرته‌كان، له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك ئه‌كاونته‌كه‌ی راگیراوه و كۆمپانیای فه‌یسبووك سه‌رجه‌م ئه‌و فۆتۆیانه‌ی سانسۆر كردووه كه ناوی ئه‌ویان به‌سه‌ره‌وه‌یه.
به‌شداریش هاوشێوه‌ی هێمنی ده‌رهێنه‌ر، په‌نای بۆ هیچ لایه‌نێك نه‌بردووه بۆ به‌رگریی لێكردنی، چونكه له‌و باوه‌ڕه‌دایه هه‌ڕه‌شه‌كارانی سه‌ر هونه‌ر نادۆزرێنه‌وه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه یه‌كجار سه‌ردانی بنكه‌یه‌كی پۆلیسی كردووه و ده‌ڵێ: "له بنكه‌كه سه‌ره‌تا به‌ڕێزه‌وه پێشوازییان لێ كردم، به‌ڵام كه گوتم من به‌هۆی ئه‌م ئیشه‌مه‌وه به‌م ژماره ته‌لیفۆنانه هه‌ڕه‌شه‌م لێ ده‌كرێت، گوتیان تۆ ده‌بێت ته‌ربیه‌ت بدرێی، ئاخر ئه‌وه ئیشه تۆ كردووته، ته‌ریق نابیته‌وه! ئیتر هه‌ر خواخوام بوو نه‌مگرن و به سه‌لامه‌تی بڕۆمه ده‌ره‌وه".
له گوته‌كانی به‌شدار سامییه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، داخراویی بونیادی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان، به جۆرێكه كه هه‌ر عه‌وام و خه‌ڵكی ئاسایی نین كه دژبه‌ری هونه‌ر و داهێنانن، به‌ڵكو رۆشنبیرانیش سه‌ر به هه‌مان به‌ره‌ن، به‌شدار به "وشه"ی گوت، "ئه‌و هه‌ڕه‌شه و سووكایه‌تییانه‌ی له‌لایه‌ن كه‌سانی توندڕۆ و ئیسلامییه‌وه كراونه‌ته سه‌رم، هێنده‌ی قسه‌ی شاعیران و رۆشنبیران ئازاریان نه‌داوم، به شێوه‌یه‌ك كه رۆشنبیرانیش گاڵته‌یان به‌و بواره هونه‌رییه دێت و فۆتۆی ئیرۆتیك به پۆڕنۆ هه‌ژمار ده‌كه‌ن".
به‌شدار، هۆكاری ئه‌و دۆخه‌ی رۆشنبیران ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه رۆشنبیرانیش سه‌ر به مه‌عریفه‌ی باون و له‌سه‌ر یه‌ك هێڵی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری كار ده‌كه‌ن و كاری جیاوازیان بۆ قبووڵ ناكرێت.