لە هەرێمی كوردستان 45 كرێكار گیانیان لە دەست دا

:: AM:09:25:08/08/2019 ‌
ڕێكخراوێكی تایبەت بە كرێكارانی بیناسازی ئاشكرای دەكات، لە ساڵێك و هەشت مانگی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان 45 كرێكار گیانیان لە دەست داوە لە كاتی كاركردن.

ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی ئاب، ڕێكخراوی كرێكارانی بیناسازی لە هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، 45 كرێكاری بیناسازی لەكاتی كاركردن گیانیان لە دەست داوە.

ئەو ڕێكخراوە ڕوونی كردووەتەوە، ئاماری قوربانیانی شوێنی كار لە كوردستان لە یەكی كانوونی دووەمی 2018 بۆ هەشتی ئابی 2019 كە ساڵێك و هەشت مانگ دەكات 45 كرێكار گیانیان لە دەست داوە.

بڵاوكردنەوەی ئەو ئامارە لە كاتێكدایە ساڵانە بۆ داواكردنی مافەكانیان چەندان كرێكار خۆپێشاندان دەكەن و داوای مافە یاساییەكانیان لە خاوەن كارەكانیان دەكەن.

لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر لە كرێكاری بیانی هەیە و ساڵی ڕابردووش 13 كرێكاری بیانی لەكاتی كارەكەیان تووشی ڕووداو بووبوون و زیانیان پێ گەیشتووە.



وشە - رامیار جەواد