مەلا بەختیار: بە هەڕەشە لێكردن بۆچوونەكانم ناگۆڕم

:: AM:11:36:08/08/2019 ‌
مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، لەبارەی هەڕەشەكردن لێی ئاشكرای دەكات، بە هەڕەشە لێكردن بۆچوونەكانم ناگۆڕم.

ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی ئاب، ماڵپەڕێکی نزیك لە مەلا بەختیار لێپسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی روونکردنەوەیەکی بڵاوی كردووەتەوە و تیایدا رای دەگەیەنێت، ئێستە هەموو حزبەكان بوون بە حزبی سوڵتەوی، واتە دەسەڵات بۆ خزمەتكردن بەكار ناهێنین، بەڵكو هەموو كایەكان بەكار دێنین بۆئەوەی حزبەكان لە دەسەڵاتدا چەند پشكیان بەربكەوێت، واتە كایەكان بۆ خزمەتكردن‌ و جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی كاتی هەڵبژاردن و كارنامەكان بەكار ناهێنن.

لێپسراوی دەستەی كارگێڕی یەكیتی ئاشكرای كردووە، ئەو پێوەندییە حزبییەی هەمانە، پێوەندییەكی لاوازە، ستراتیجێكی هاوبەش كۆمان ناكاتەوە بەڵكو تەنیا دەسەڵات كۆمان دەكاتەوە، ئەویش تەنیا لە چوارچێوەی پەرلەمان و دەسەڵات كۆمان دەكاتەوە. 

باسی لەوەش كردووە، خوێندنەوەی مێژووی خۆم بۆ دیاردەكان، رووداوەكان ‌و هاوكێشەكان فەرامۆش ناكەم، نایكەم بەكاردانەوە و قوربانی هەڕەشەی ئەم لێپرسراو و ئەو لێپرسراو، چونكە هەڕەشە و گوڕەشە، حكوومەتە زلهێزەكانی دنیا بۆیان ناچێتەسەر ئەوەی دەبێ‌ لێی تێبگەین، ئەوەیە هەڵەكانمان بزانین‌ و چارەسەری بكەین.  

ئەو لێدوانەی مەلابەختیار لە كاتێكدایە چەندان جار دەنگۆی دروستكردنی لیستی هەڵبژاردنی لەسەر بڵاو كراوەتەوە لە ڕابردووش ڕای گەیاندبوو ئێستە كارگێڕی ماڵەكەی خۆیەتی.



وشە - رامیار جەواد