هاوشێوه‌ى تابلۆى مۆنالیزا، یه‌كێك له‌و تابلۆیانه‌ى له سه‌ده‌ى بیسته‌م به‌ناوبانگ بووه، كاتژمێره تواوه‌كانه، ره‌نگه خوێنه‌ران له زۆر شوێن ئه‌م وێنه‌یه‌یان به‌ر چاو كه‌وتبێ، به‌ڵام نه‌زانن چ نهێنییه‌ك له پشت ئه‌و تابلۆیه‌وه هه‌یه، ئایا له‌لاى كێ كێشراوه و ماناكانى چین؟.
هه‌ڵبه‌ته ناوى راسته‌قینه تابلۆكه "كاتژمێره تواوه‌كان" نییه، به‌ڵكو "مكوڕبوونى یاده‌وه‌ری"یه. ئه‌و تابلۆیه له ساڵى 1931 له‌لایه‌ن نیگاركێشى به‌ناوبانگى ئیسپانى سلڤادۆر دالییه‌وه كێشراوه. دالى یه‌كێكه له رێبه‌رانى رێبازى سوریالیزم له شێوه‌كارى، جگه له نیگاركێشى چه‌ندان كارى تر وه‌ك نووسین و سینه‌ماى كردووه و به‌شێوه‌یه‌ك تا له ژیان بووه یه‌كێك بووه له كه‌سایه‌تییه به‌ناوبانگه‌كانى دنیا.
دالى له ساڵى 1904 له ئیسپانیا له دایك بووه، هه‌ر له سه‌ره‌تاى هه‌رزه‌كارى ده‌ست به وێنه‌كێشان كردووه و ته‌نانه‌ت كاتێك ته‌مه‌نى 14 ساڵ بووه یه‌كه‌م پیشانگه‌ى له شاره‌كه‌ى كردووه‌ته‌وه، دواتر رووى له پاریس كردووه و تێكه‌ڵ به سوریالیسته‌كانى ئه‌وێ بووه و به هزرى ئه‌وان له ئه‌ده‌ب و هونه‌ر كاریگه‌ر بووه، له سه‌روبه‌ندى جه‌نگى دووه‌مى جیهانیش رووى له ئه‌مه‌ریكا كردووه، هه‌شت ساڵ له‌وێ ماوه‌ته‌وه دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئیسپانیا.
سلڤادۆر دالى نه‌ك ته‌نیا له رووخسار، به‌ڵكو له هه‌ڵسوكه‌وتیش سه‌یروسه‌مه‌ره بووه و ته‌نانه‌ت جۆرێك له شێتى به ره‌فتارییه‌وه دیار بووه، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م ره‌فتارانه‌یشى به ماوه‌یه‌كى كه‌م به‌ر له‌وه‌ى خوێندن ته‌واو بكات، له زانكۆ ده‌رده‌كرێ به‌هۆى ئه‌وه‌ى شه‌ڕى له‌گه‌ڵ مامۆستاكانى كردووه.
ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وت و بیركردنه‌وانه‌ى دالى له‌سه‌ر ته‌واوى كاره‌كانى دیار بووه، بۆیه ده‌گوترێ ته‌واوى كاره‌كانى دالى جوانن به‌ڵام سه‌یروسه‌مه‌رن، له هه‌مووشیان به‌ناوبانگتر ئه‌و تابلۆیه‌یه كه به "مكوڕبوونى یادوه‌رى" ناونراوه و به "كاتژمێره تواوه‌كان" ده‌ناسرێت.
له‌م تابلۆیه وێنه‌ى چوار كاتژمێر كێشراوه كه هه‌ر چواریان تواونه‌ته‌وه، یه‌كه‌میان له‌سه‌ر چڵه‌دارێكى وشه‌كه، چڵه داره‌كه‌یش له‌سه‌ر سه‌كۆیه‌ك یان مێزێكه، دوو كاتژمێرى تریش له‌سه‌ر هه‌مان مێز تواونه‌ته‌وه، كه‌چى كاتژمێرى چواره‌م له‌سه‌ر زه‌وى كه‌وتووه. شوێنى كاتژمێره‌كانیش بیابانه و له‌دووره‌وه ئاو دیاره. كۆمه‌ڵێك شتى دژ به‌یه‌كتر له‌م تابلۆیه ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات ره‌خنه‌گرانى شێوه‌كارى و بیرمه‌ندان زۆر لێكدانه‌وه‌ى جیاواز بۆ تابلۆكه بكه‌ن و هه‌میشه‌یش پرسیارى نوێ له‌باره‌ى بخه‌نه‌ڕوو. له‌وانه بۆچى له‌م بیابانه وشكه‌دا ئه‌و كاتژمێرانه تواونه‌ته‌وه؟ ئه‌ى چی له‌باره‌ى ئێمه‌ى مرۆڤ بۆچى ئاماژه‌یه‌ك بۆ مرۆڤ نییه؟
ئه‌وانه‌ى مێژووى ژیانى سلڤادۆر دالییان نووسیوه‌ته‌وه، باس له ساتى كێشانى ئه‌و تابلۆیه ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن رۆژێك له به‌رده‌م هه‌تاو دالى دانیشتووه نانى خواردووه، تێبینى كردووه له‌گه‌ڵ گه‌رماى خۆر په‌نیره‌كه‌ى به‌رده‌مى تواوه‌ته‌وه، دواتر كه خه‌وتووه، خه‌ونێكى بینیوه و له‌خه‌ونه‌كه‌ى بینویه‌تى كاتژمێره‌كان ده‌توێنه‌وه. بۆیه كه بێ‌دار ده‌بێته‌وه و ئه‌و خه‌ونه‌ى خۆى ده‌كات به تابلۆیه‌ك. واته داڕشتنى بیرۆكه‌ى تابلۆكه ته‌نیا جێبه‌جێكردنى بڕگه‌یه‌كى سه‌ره‌كى سوریالییه‌كانه، كه زۆر بایه‌خ به خه‌ون ده‌ده‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن دواى بینینى خه‌ونه‌كان له كارێكى هونه‌رى و ئه‌ده‌بى به‌رجه‌سته‌ى بكه‌ن. به‌ڵام ئایا ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه ره‌خنه‌گران رازى ده‌كات؟
بێگومان نه‌خێر، بۆیه ئه‌وان چه‌ندان لێكدانه‌وه‌ى تر‌ى بۆ ده‌كه‌ن، یه‌كه‌م لێكدانه‌وه ئه‌وه‌یه كاتێ مرۆڤ خه‌ون ده‌بینێ هه‌ست به "كات" ناكات، یان به واتایه‌كى تر كات له‌ناو خه‌ونه‌كه‌دا تێكده‌چێ و ده‌توێته‌وه به‌مه‌یش جیاوازى له‌گه‌ڵ كاتى راسته‌قینه هه‌یه كه مكوڕه له‌سه‌ر تێپه‌ڕبوونى خۆى.
له لێكدانه‌وه‌یه‌كى تر باس له‌وه ده‌كرێت ئه‌و وشكانییه‌ى له ناو تابلۆكه‌ى سلڤادۆر دالى ده‌رده‌كه‌وێ شێوه‌ى له‌و زه‌وییه ده‌چێ كه ئه‌و له ژیانى راسته‌قینه‌ى له لادێ هه‌یبووه، كاتێكیش دالى ئه‌و وێنه‌یه‌ى كێشاوه ته‌مه‌نى 27 ساڵ بووه، بۆیه توانه‌وه‌ى كاتژمێره‌كان ئاماژه‌یه بۆ تێپه‌ڕبوونى كاتى گه‌نجى و توانه‌وه‌ى ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كارى.
زۆر له
ره‌خنه‌گران خۆیان له‌وه به‌دوور ده‌گرن، مانایه‌كى قووڵ به تابلۆكه بده‌ن، ئه‌و جۆره ره‌خنه‌گرانه ده‌ڵێن گاڵته‌جاڕى و بێهووده‌یى ره‌گه‌زێكى سه‌ره‌كى بووه، له هونه‌رى سوریالى، له‌مه‌یشدا هونه‌رمه‌ندان پاساوى خۆیان هه‌بووه، چونكه زۆربه‌یان له ناو دوو جه‌نگى گه‌وره‌ى جیهان ژیاون، كاره‌ساته‌كانى جه‌نگیان بینیوه. سلڤادۆریش یه‌كێك بووه له‌وان ئه‌و هه‌موو كاره‌ساته مرۆییه‌كانى مرۆڤى له هه‌ردوو جه‌نگدا بینیوه، بۆیه وه‌ك شێوازێكى گاڵته‌كردن و ده‌رخستنى بێهوده‌یى مرۆڤ وێنه‌ى كۆمه‌ڵێك كاتژمێرى تواوه‌ى هه‌ڵداوه‌ته‌وه بیابانێك.
ره‌نگه تابلۆى "مكوڕبوونى یاده‌وه‌رى" هه‌موو ئه‌م مانایانه له خۆى بگرێت و به‌شێوه‌یه‌كى گشتى ده‌رخستنى وێنه‌یه‌كه له وێنه‌كانى بێهوده‌یى پێوه‌ندى مرۆڤه له‌گه‌ڵ "كات".