توانای گەنجە نابیناکەی سۆران سەرسامت دەکات

:: PM:04:01:08/08/2019 ‌

گەنجێكی 31 ساڵانی دانیشتووی شارۆكەی سۆران نابینایە، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێك بەهرەی جیاوازی تێدایە كە رەنگە لە كەسێكی ئاساییدا ئەو بەهرانە كەمتر هەبێ .

هێرش نەجمەدین سەعید لە ساڵی 1987 لە گوندی هەسنانی لە بناری چیای حەسەن بەگ چاوی بە دوونیا هەڵێناوە، بە گووتەی خۆی تا تەمەنی 10 ساڵان بینای چاوەكانی هیچ كێشیەیەكییان نەبوو .ساڵی 1997 تووشی نە‌خۆشیەكی سەخت دەبێت و چەندین نەخۆشیان لە كوردستان پێ كردوە بەڵام سوودی نەبووە، ئەو كات خانەوادەیان بە مەبەستی چارەسەر دەیبەنە شاری بەغدا و لەوێ نەشتەرگەری بۆ دەكات، بەڵام ئەوەی چاوەڕێییان نەكرد روویدا و پزیشكی پسپۆڕ ئەوكات پێی رادەگێنێت یان بینای چاوەكانی یاخود ژیانی بۆ هەمیشە لە دەستدەدات، بۆیە بە ناچاری لە دەستدانی چاوەكانی هەڵدەبژێرێت.

ئەمڕۆ هەشتی ئابی 2019، هێرش هەسنانی گەنجێكی نابینا لە سۆران بە "وشە "ی راگەیاند، پۆلی چواری سەرەتای بووم بە هۆی نەخۆشیەوە بینایەی هەردوو چاوەكانم لە دەستدا، ئەوەش نەبووەتە رێگر لەبەردەم كارەكان و پێشكەوتنم، تەنانەت ئومێدی زۆرم بە ژیان هەیە و هیچ كۆڵم نەداوە .

بە گووتەی هێرش هەسنانی، بەهاوكاری دڵسۆزان و هاوڕێییانم توانیم چەند كارێكی گرنگ لە ژیانم هەڵبژێرم لەوانە كاری راگەیاندن كە لە ئێستەدا دەتوانم بەخۆی تایپی نوسین و لە رادیۆدا هەواڵ و راپۆرت بخوێنمەوە لە رێگەی بەرنامەیەكی تایبەت بە نابینایان، هاوكات كاری چاڵاكوانی مەدەنیش دەكەم و رۆژانەش لە كۆمەڵەی سۆرانی پەككەوتووان دەوامی ئاسایی خۆم دەكەم .

وەک ئاماژەی پێ دەدات، هیوا و ئاواتم تەواو كردنی خوێندن و كۆلیژ بوو حەزم دەكرد ببم بە مامۆستا و خزمەت بە چین و توێژەكانی كوردستان بكەم .

هێرش ئەزموونی عەشقی بۆ خانمێک ئاشکرا دەکات و دەڵێ، لە ژیانمدا عاشقی كچێك بوومە كە لە خۆم خۆشتر ویستووە، بەڵام بەهۆی چەند هۆكارێك كە رەنگە پێوەندی بە نابیناییمەوە هەبووبێ سەركەوتوو نەبووبم و جێی هێشتم، ئەو ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ كەسێكی تر پێک هێنا. كۆمەڵگەش بە چاوی تر سەیری خاوەن پێداویستی تایبەتەكان دەكات و وەك پێویست رێز لە كارەكانی ناگیرێ، بەڵام ژیان كۆتایی نەهاتووە و ژیان بە خۆشەویستییەوە جوانە .

هێرش هەسنانی تاكە رۆژنامەنووسێکی نابینایە لە شارۆكەی سۆران، رۆژانە رووماڵی رووداەكان و هەواڵ و راپۆرت و زانیاری بۆ دەزگا راگەیاندنەكان بە شێوەیەكی پڕۆفیشناڵ دەکات.

عەبدوڵا ماویلی كە هاوڕێیەكی نزیكی ئەو گەنجە نابینایەیە دەڵێ، سەرسامم بە لێهاتوویی و تواناكانی هێرش هەسنانی چونكە جیا لە كاری راگەیاندن چاڵاكوانێكی دیاری دەڤەری سۆرانیشە و لە گشت بۆنە و چاڵاكییە جۆراوجۆرەكانی وەك ژینگەیی رۆشنبیری و چاڵاكییەكانی تر كاری مەدەنی دەكات، هێرش كەسێكی ناسراوە و پێگەیەكی بەهێزی كۆمەڵایەتیشی هەیە و لای خەلك خۆشەویستە.

هێرش هەسنانی بەرپرسی راگەیاندنی كۆمەڵەی سۆرانە بۆ چاودێری پەككەوتووان، پەیامنێری رادیۆی زاری كرمانجیی و هێلینە، لە چەند رۆژنامەیەكیش بابەت و نووسینی بڵاو كردۆتەوە، هاوكات لە چەند رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی ئەندامە و دەستی شیعر نووسینیشی هەیە و چەند ئامێرێكی مۆسیقاش دەژەنێ.

سۆران/ موڕشید برادۆستی



وشە - هیدایه‌ت جان