سه‌رۆكی ئه‌ساقیفه‌ی كلدانی له عێراق به‌شار وه‌رده ئاشكرای كرد، دوای پێنج ساڵ له هاتنی داعش بۆ ناوچه‌كه، تا ئێسته‌ش ناوچه‌كانی كریستیاننشین له مووسڵ له‌وپه‌ڕی خراپیدان و به‌شێكی كریستیانه‌كانیش بێسه‌روشوێنن و زۆرێكیشیان ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتان بوون.
له دیدارێكی به‌شار وه‌رده له‌گه‌ڵ ئاژانسی "
كاسۆلیك نیوز" گوتی، به‌هۆی هاتنی تیرۆریستان بۆ ناوچه‌كه زیاتر له 125 هه‌زار كریستیان ناوچه مێژووییه‌كانی خۆیان جێهێشت و ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر و بێ شوێن و جێ مانه‌وه، بێ كڵێسا و بێ خۆراك و جلوبه‌رگ په‌ڕاگه‌نده بوون، هه‌رچه‌نده ده‌زگای خێرخوازی پاپا پشتیوانی زۆری له كریستیانه‌كان كرد، به‌ڵام تا ئێسته‌یش دۆخه‌كه به شێوه‌یه‌كی نه‌خوازراوه له ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و كریستیانه‌كان نا‌وێرن بۆ زێد و ناوچه ڕه‌سه‌نه‌كانی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه.
له دیداره‌كه هێمای بۆ ئه‌وه كرد، كه دۆخه‌كه ناله‌باره و هه‌میشه له مێژوو ئه‌و حاڵه‌تانه دووباره بوونه‌ته‌وه و به‌ر له هه‌زار و 400 ساڵیش جارێكی تر هه‌ڵمه‌تێكی له‌و چه‌شنه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ سه‌ر كریستیانه‌كان ئه‌نجام درا و كۆمه‌ڵكوژ و ده‌ربه‌ده‌ر كران.
چه‌كدارانی داعش له شه‌شی ئاب/ئۆگه‌ستی 2014 ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وایان داگیر كرد، كه زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی كریستیانن و تا پایزی 2016 ئه‌و ناوچانه به ته‌واوی ڕزگار نه‌كرانه‌وه، هه‌رچه‌نده زیاتر له 125 هه‌زار هاووڵاتی كریستیان به‌هۆیه‌وه ئاواره‌بوون، به‌ڵام تا ئێسته ته‌نیا 40 هه‌زار كه‌سیان بۆ ناوچه‌كه گه‌ڕاونه‌ته‌وه و زیاتر له 85 هه‌زاریان له هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین، به‌شێكیشیان ڕوویان له وڵاتانی تری دنیا كردووه.
به‌شار وه‌رده ده‌ڵێ، سه‌رده‌می جیاواز هه‌بووه كه پێكه‌وه‌ژیان له نێوان مسوڵمانان و كریستیانه‌كان به‌رپا بووه، به تایبه‌ت له سه‌ده‌ی هه‌شته‌م تا چوارده‌یه‌می زاینی، ئه‌مه‌یش به سه‌رده‌می زێڕین داده‌نرێ، چونكه له‌و كاته‌دا زیاتر زانست و پزیشكی و بیركاری و زانسته‌كان پێشخران و خه‌ڵكی بیری لای كوشتن و بڕین و كۆمه‌ڵكوژی یه‌كتر نه‌ده‌كرده‌وه.
ئێسته‌یش له هه‌رێمی كوردستان پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی و باڵی به‌سه‌ر ناوچه‌كه كێشاوه و جیاوازی له نێوان خه‌ڵكی بوونی نییه، به‌ڵام له ناوچه‌كانی تری عێراق له دوای 2003ه‌وه له به‌غداوه تا مووسڵ ده‌ست به له‌ناوبردن و ترساندنی كریستیانه‌كان كرا و چه‌ندان كڵێسا ته‌قێنرانه‌وه و هه‌ڕه‌شه له ماڵه كریستیانه‌كان كرا، بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه جێ بهێڵن و زۆریان لێ ڕفێنرا و كوژرا.
هێرشی تیرۆریستان له 2014 به هیچ شێوه‌یه‌ك چاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرا و هه‌موومان تووشی شۆك بووین كه به‌و خێراییه ئه‌و هه‌موو ناوچه‌یه و مووسڵی دووه‌م گه‌وره شاری عێراق له‌لایه‌ن چه‌كدارانه‌وه كۆنتڕۆڵ كرا و هه‌مان چیرۆكی هه‌زار و 400 ساڵ به‌سه‌ر خه‌ڵكی كریستیانی ئه‌و ناوچه‌یه دووباره ئه‌نجام درایه‌وه.
هاوكات ئه‌و دۆخه كۆمه‌ڵكوژی سه‌رده‌می عوسمانییهكانیشمان بیر دێنێته‌وه كه له 1916 تا 1922 دژ به كریستیانه‌كان ئه‌نجامیان دا و تا ئێسته‌یش گرووپی توندڕۆی پله دوو بوونیان هه‌یه له عێراق، كه ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێ، هه‌مان ئه‌و دۆخه‌ی داعش به‌سه‌ر پێكهاته ئاینییه جیاوازه‌كانی هێنا، دووباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه و به ئاشكرایش بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه ئێمه هه‌موومان مرۆڤین و هه‌موویشمان باوه‌ڕمان به خودایه‌ك هه‌یه و ئاینی ههردوولایشمان ئاسمانییه.
ته‌نانه‌ت تا ئێسته‌یش له ده‌ستوور و یاساكانی عێراق به هیچ شێوه‌یه‌ك باس له بوونی ڕێسا و یاسا و پێوه‌ری مه‌ده‌نی نه‌كراوه، به‌ڵكوو شه‌رعی ئیسلام كراوه‌ته پێوه‌ری سه‌ره‌كی و به‌سه‌ر هه‌موو خه‌ڵكه‌كه ده‌سپێنرێت، له كاتێكدا ئێمه ئاینمان جیاوازه و پێویسته وڵاتێكی مه‌ده‌نی بنیات بنرێت له عێراق، نه‌ك وڵاتێك له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌رعی هیچ ئاینێك بێت، به‌ڵام ئێمه به قورسی ئه‌و دۆخه‌مان وه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵكوو كریستیانیه‌تی بریتییه له به‌خشنده‌یی و لێبورده‌یی و خۆشه‌ویستی و ئاشتی، بۆیه ئێمه له‌وانه‌یش ده‌بوورین و ده‌به‌خشین، كه ئێمه ده‌كوژن و ئازارمان ده‌ده‌ن، له پێناوی په‌یامبه‌ری كریستیان ئێمه ده‌یانبه‌خشین، چونكه په‌یامی كریستیانه‌كان ئاشتی و برایه‌تییه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، نه‌ك گیانی تۆڵه‌كردنه‌وه و ڕق دروستكردن.
ئێمه داعش به نموونه و نوێنه‌رایه‌تی ئیسلام نازانین، چونكه له‌گه‌ڵ دراوسێ مسوڵمانه‌كانمان زۆر به ئاشتی و ته‌بایی ده‌ژین، بۆیه داوایان لێ ده‌كه‌ین، كه ده‌ست له‌ناو ده‌ست به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی برینه قووڵه‌كان سارێژ بكه‌ین و شار و ناوچه و گونده‌كانمان ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه و واز له‌و توندوتیژی بهێنین و هه‌مووان به ئاشتی له ناوچه‌كه بژین.
ئه‌گه‌ر ئه‌و برینانه سارێژ نه‌كرێن و هه‌نگاوی ڕژد نه‌نرێن، ئێمه چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین هه‌ڵمه‌تی تری له‌مشێوه‌یه دژ به پێكهاته ئاینییه‌كان به تایبه‌تی و خه‌ڵكی ئاشتیخوازی ناوچه‌كه به گشتی دروست ببێته‌وه، چونكه ئه‌وان ده‌یانه‌وێ برایه‌تیمان تێك بده‌ن و كه گرووپی بچووكن و به هیچ شێوه‌یه‌كیش نوێنه‌رایه‌تی ئیسلام ناكه‌ن.