وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ: پلانمان هه‌یه له ده‌ره‌وه بازاڕێك بۆ به‌رهه‌می جووتیاران بدۆزینه‌وه
جیاواز له ساڵانی ڕابردوو، ئه‌مساڵ شووتی له بازاڕه‌كاندا نرخه‌كه‌ی دابه‌زیوه به جۆرێك جووتیاران باس له‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ شووتییه‌كه بگوازنه‌وه بۆ ناو بازاڕ، كرێی گواستنه‌وه‌ی ده‌رناهێنن. له به‌رانبه‌ردا وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ رای ده‌گه‌یه‌نێت كه له‌م كابینه نوێیه‌دا پلانیان هه‌یه بازاڕ له ناوخۆ و ده‌ره‌وه بۆ جووتیاران دابین بكه‌ن تا چیتر زیان نه‌كه‌ن.
ئه‌مساڵ له سنووری پارێزگای سلێمانی به‌رهه‌مهێنانی شووتی له سه‌رووی ئاستی پێداویست بوو، به‌رپرسی عه‌لوه‌ی سلێمانی باس له‌وه ده‌كات كه له‌گه‌ڵ پێگه‌یشتنی شووتی له سنووری پارێزگای سلێمانی، ڕۆژانه له‌سه‌رووی 25 هه‌زار تۆن له‌و به‌رهه‌مه هاتووه‌ته ناو عه‌لوه و به‌هۆی زۆری خستنه‌ڕوو نرخه‌كه‌ی دابه‌زیوه.
یه‌ك كیلۆ شووتی له ناو عه‌لوه‌ی سلێمانی بۆ 100 دینار دابه‌زیوه، به‌شێك له به‌رپرسان هۆكاره‌كه‌ی بۆ به‌رده‌وامی و زۆری بارانبارین ده‌گه‌ڕێننه‌وه كه پێیان وایه تا مانگی پێنج له هه‌رێم و ناوچه‌كانی عێراق باران باری، ئه‌وه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی شووتی ناوچه‌كانی عێراق و هه‌رێمیش دوابكه‌وێت و پێكه‌وه پێ بگه‌ن و به‌رهه‌مێكی زۆر له بازاڕدا هه‌بێت كه زیاتر له خواستی هاووڵاتییانه.
ئه‌ندازیار سامان ئیسماعیل به‌رپرسی عه‌لوه‌ی سلێمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌مساڵ به‌رهه‌می شووتی له سلێمانی زۆر بوو، چونكه ڕووبه‌ری چاندنی شووتی فراوان بوو، تا پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می ناوخۆ، له ناوچه‌كانی عێراق و عوزێم و كه‌ركووك و ته‌قته‌ق هاورده ده‌كرا.
له دوای پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می جووتیارانی ناوخۆی سلێمانی، هاورده له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕاگیرا و بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك 250 دینار گومرگی له‌سه‌ر دانرا، له ناوچه‌كانی عێراقیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆ پێگه‌یشت، جووتیارانی عێراق هه‌نارده‌یان ڕاگرت چونكه ئیتر قازانجیان نه‌ده‌كرد، ئێسته به‌رهه‌می ناوچه‌كانی عێراق ته‌واو بووه و له هه‌رێمه‌وه شووتیان بۆ ده‌ڕوات، ته‌واوبوونی به‌رهه‌می ناوچه‌كانی عێراق وایكردووه كه‌مێك نرخی ناوخۆ به‌رز ببێته‌وه بۆ یه‌ك كیلۆ 150 و له‌وانه‌یه زیاتریش به‌رز ببێته‌وه.
به بۆچوونی ئه‌م ئه‌ندازیاره له‌گه‌ڵ پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می ناوخۆ، ڕۆژانه 25 هه‌زار تۆن شووتی دێته ناو عه‌لوه‌ی سلێمانی، ڕۆژانه له نێوان 100 بۆ 200 پیكاب شووتی له عه‌لوه هه‌یه و خستنه‌ڕوو زۆره، به‌گشتی هه‌موو گرفتی جووتیارانی ناوخۆ نه‌بوونی بازاڕێكه بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كان و پێویستیان به پلانێك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی جووتیاران زیان نه‌كه‌ن.
جووتیارێك باس له‌وه ده‌كات، ئه‌مساڵ له یه‌كه‌م قۆناغی به‌رهه‌مهێنانی شووتی زیاتر له هه‌شت ملیۆن دیناریان خه‌رج كردووه، به‌ڵام كۆی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه له فرۆشتنی شووتی ده‌ستیان كه‌وتووه، كه‌متر له چوار ملیۆن دینار بووه و زیانێكی زۆریان كردووه، سه‌ره‌ڕای ماندووبوونی ڕۆژانه‌یان.
خه‌سره‌و جاف جووتیارێكی سنووری شاره‌زووره و گله‌یی له بازاڕ هه‌یه و ده‌ڵێت، به‌مدواییه یه‌ك كیلۆ شووتیان به 100 دینار فرۆشتووه له عه‌لوه‌كاندا. جاف كه زیاتر له چوار دۆنم شووتی كردووه، باس له‌وه ده‌كات كه پاره‌ی خۆیان خستووه‌ته سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی حه‌قی ئه‌و شۆفێره بده‌ن كه شووتییه‌كه‌ی گواستووه‌ته‌وه بۆ ناو بازاڕ و عه‌لوه.
به‌پێ گوته‌ی جووتیاره‌كه، ئه‌مساڵ بۆ هه‌ر دۆنمێك شووتی له نێوان 10 بۆ 12 تۆن شووتیمان هه‌بووه، سه‌ره‌تا كه شووتی پێ ده‌گات جووتیاران قازانج ده‌كه‌ن چونكه له سه‌ره‌تاوه شووتی كه‌مه و خواست زۆره، ئه‌وكات كیلۆی 450 تا 500 دینار ده‌كات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ زۆربوونی به‌رهه‌م و خستنه بازاڕ، نرخه‌كه‌ش داده‌به‌زێت به جۆرێك له ناو عه‌لوه شووتی ده‌گاته 100 دینار بۆ یه‌ك كیلۆ، ئێسته كه مانگی ئابه، یه‌ك پیكاب شووتی كه دوو تۆن ده‌گرێت به باركردن و داگرتن و حه‌قی ئۆتۆمبێله‌كه ئه‌گه‌ر بته‌وێت بیبه‌یته بازاڕ، ده‌بێ له سه‌رووی ئه‌وه‌شه‌وه له گیرفانی خۆت پاره بده‌ین به شۆفێره‌كه، هه‌ر پیكابێك شووتی تا ده‌گاته بازاڕ 150 هه‌زار دینار خه‌رج هه‌ڵده‌گرێت.
ئه‌مساڵ جووتیاران هاواریان لێ هه‌ستاوه، هه‌رچی جووتیار هه‌یه ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌رنه‌هێناوه‌ته‌وه كه به ئامێر و به‌رهه‌مهێنانی داوه تا شووتی پێ گه‌یاندووه، هه‌ركات نرخی شووتی بۆ خوار 200 دینار دابه‌زی، جووتیار قازانج ناكات.
حوسێن حه‌مه‌كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باخداری و دارستان و پاوان و گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، له ناوه‌ڕاستی مانگی ئایار، گومرگ بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك شووتی 250 دیناری خرایه‌سه‌ر تا سه‌ره‌تای مانگی تشرینی دووه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانرێ كێبه‌ركێی به‌رهه‌می ناوخۆ بكات، هه‌روه‌ها هاورده‌كردن قه‌ده‌غه كرا كاتێك به‌رهه‌می ناوخۆ پێ گه‌یشت، ئه‌مه ڕێكارێكه كه ساڵانه ده‌گیرێته‌به‌ر.
ئه‌وه‌شی گوت، "ئه‌مساڵ به‌رهه‌مێكی زۆری شووتی له ناوخۆ به‌رهه‌م هاتووه، هۆكارێكی دابه‌زینی نرخ پێوه‌ندی به خواست و به‌رهه‌م هه‌یه، ئه‌مه یاسایه كاتێك به‌رهه‌م زیاتر بوو له خواست، نرخ داده‌به‌زێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، به‌ڵام له‌م كابینه‌یه‌دا پلانی ئه‌وه‌مان هه‌یه كه بازاڕێك له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش بدۆزینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می جووتیاران ساغ بكرێته‌وه، وه‌زاره‌ت نیگه‌رانه له دابه‌زین و پاره نه‌كردنی به‌رهه‌مه‌كانیان، به‌ڵام جووتیارانیش پێویسته پلانیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی تووشی زیان نه‌بن."
به‌پێی ئامارێك كه ده‌ستی "وشه" كه‌وتووه، ساڵی 2017 به‌رهه‌می شووتی ناوخۆ و ئه‌وه‌ی هاتووه‌ته ناو عه‌لوه‌كان زیاتر له 87 هه‌زار تۆن بووه و به ده‌یان هه‌زار تۆنیش له ده‌ره‌وه‌ی عه‌لوه فرۆشراون، هاورده نزیكه‌ی 35 هه‌زار تۆن بووه، ساڵی 2018 به‌رهه‌می ناوخۆ و ئه‌وه‌ی هاتووه‌ته عه‌لوه 84 هه‌زار تۆن زیاتر بووه، به‌رهه‌می هاورده 65 هه‌زار تۆن بووه و ئه‌مساڵیش به‌رهه‌مهیێنانی شووتی له هه‌ردوو ساڵه‌كه زیاتر ده‌بێت.
وشه/ به‌دواداچوونی هۆشیار عه‌لی