خەڵاتی جیهانیی "وۆمێكس" بە كەیهان كەلهوڕ دەدرێت

:: AM:10:05:10/08/2019 ‌

كەیهان كەلهوڕی ئاوازدانەر و ژەنیاری ئامێرە موزیكییەكانی كەمانچە و سێتار لە رۆژهەڵاتی كوردستان، خەڵاتی جیهانیی "وۆمێكس" بۆ موزیك دەستەبەر كرد.

ماڵپەڕی "وۆمێكس" هۆكاری بەخشینی ئەم خەڵاتە بە كەیهان كەلهوڕی بۆ زاڵبوون و توانای لە رادەبەدەری ئەم موزیكژەنە بۆ ژەنینی كەمانچە و داهێنان لە زمانی نوێی موزیك و گەیاندنی موزیكی كلاسیكی ناوچەكە بۆ گوێی خەڵكی هەموو دنیا گەڕاندووەتەوە.

ئەم دامەزراوەیە لە ساڵی 1999 بونیاد نراوە و ئەمساڵیش بە بۆنەی  بیستەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی دامەزراوەكە لە فینلەندا، خەڵاتەكە پێشكەش كەیهان كەلهوڕ دەكرێت.

كەیهان كەلهوڕ لە رێوڕەسمەكەدا كە لە پایزی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت، لەگەڵ ئەردال ئەرزەنجان ژەنیاری باغڵەمە كە خەڵكی توركیایە موزیكێكی هاوبەش پێشكەش دەكەن.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" كەیهان كەلهوڕ دەبێتە یەكەم ژەنیاری كورد و ئێرانی كە لەم دامەزراوەیە خەڵات وەردەگرێت و پێشتر هەریەك لە نوسرەت فاتح عەلی خان، جیوان گاسپاریان، دانێل وارۆ٠ماریز شێخ لو، بوونەتە براوەی ئەم خەڵاتە.

كەیهان كەلهوڕ سێ ساڵ لەمەوبەریش خەڵاتی جیهانیی گرامی بۆ باشترین ئەلبوومی موزیكی دنیا وەرگرت.



وشە - سلێمان تاشان