شاره‌دێی كوڵه‌جۆ له سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان له ڕووی كارگێڕییه‌وه سه‌ربه شارۆكه‌ی كفرییه، ده‌كه‌وێته نێوان كه‌لار /ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان/ و شاره‌دێی گوڵاڵه سه‌ربه خانه‌قین، به پشتێنه‌ی ته‌ناهیی ناوچه‌كانی تری كوردستان داده‌نرێت، ماوه‌یه‌كه ئه‌م ناوچه گرنگه‌ی كوردستان، به‌هۆی دزه‌كردنی چه‌كدارانی داعش بۆ ناوی، كه‌وتووه‌ته به‌ر مه‌ترسی، خه‌ڵكیش داوای هێزی تۆكمه‌ی ئاسایش و پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن.
شه‌وی 31ی ته‌مووزی ئه‌مساڵ داعش دزه‌ی كرده كوڵه‌جۆ و به‌هۆی شه‌ڕی چه‌كداریی و بۆمبه‌وه چوار ئاسایش شه‌هید بوون، ئه‌و رووداوه سه‌ره‌تایه‌كی تازه‌بوو له‌و ناوچه‌یه كه ده‌كرێ مه‌ترسی به‌دوادا بێت.
هه‌مزه ره‌ئووف پۆلیسێكی خانه‌نشینكراوی شاره‌دێی كوڵه‌جۆیه، بۆ "وشه" ئاماژه به‌وه ده‌كات كه دوای ئه‌و رووداوه، جیاواز له رابردوو، خه‌ڵك ئێسته له ترس و دڵه‌ڕاوكێدا ده‌ژین و دڵنیا نین له باشیی دۆخی ته‌ناهیی ناوچه‌كه. ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ناوچه‌كه خۆشه‌ویستییه‌كی زۆریان بۆ ناوچه‌كه‌یان هه‌یه، ئه‌گه‌رنا ناوچه‌كه چۆڵ ده‌بوو.
ئه‌و نموونه‌ی بۆ قسه‌كانی هێنایه‌وه كه له رووداوه‌كه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو، خه‌ڵك شه‌وان له ترس‌دا ماڵی خۆیان جێده‌هێشت و بۆ به‌یانی ده‌گه‌ڕانه‌وه ناوچه‌كانی خۆیان. بۆیه هه‌مزه به پێویستی زانی "بۆ پاراستنی ناوچه‌كه‌یان و بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك ناوچه كوردستانییه‌كانی تری لێ نه‌یه‌ت، هێزی زیاتری پێشمه‌رگه و ئاسایشی بۆ ره‌وانه بكرێت".
هاوكات رائید سمكۆ عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی ئاسایشی كوڵه‌جۆ كه له‌م هه‌فته‌یه‌دا به‌هۆی چاندنی بۆمبه‌وه له هه‌وڵێكی تیرۆر ده‌ربازی بوو، به"وشه"ی راگه‌یاند "ماوه‌یه‌كه دۆخی ته‌ناهیی كوڵه‌جۆ ناسه‌قامگیره، هۆكاره‌كه‌یشی بۆ دزه‌كردن و هاتنی تیرۆریستانی داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقه‌وه".
به‌گوته‌ی خۆی، "دوای ئه‌وه‌ی به‌رپه‌رچی په‌لاماره‌كانیان ده‌ده‌ینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ین، ده‌رده‌كه‌وێ له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه عێراقییه‌كانه‌وه به‌تایبه‌ت له ناوچه‌ی شێخ باوه‌ی نێوان گه‌رمیان و جه‌له‌ولاوه، داعش په‌لاماری ئاسایش و پیشمه‌رگه و خه‌ڵكی سڤیل ده‌ده‌ن".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئاسایش پێی وایه، داعش سوودی له دار و قامیش و كه‌ناره‌كانی رووباری سیروان بینیوه بۆ خۆحه‌شاردان و په‌لامار و كرده‌وه‌ی تیرۆریستی، شاره‌زاییه‌كی ته‌واویان له جیۆگرافیای ناوچه‌كه هه‌یه.
له‌لای خۆیه‌وه حه‌كیم محه‌مه‌د سه‌رۆكی شاره‌وانیی كوڵه‌جۆ، به"وشه"ی گوت، شاره‌دێی كوڵه‌جۆ 36 گوندی له‌سه‌ره و زۆرینه‌ی گونده‌كانی ده‌كه‌ونه سنووری شاره‌دێكانی جه‌باره و قه‌ره‌ته‌په و گوڵاڵه، هه‌رسێ شاره‌دێكه له رووی كارگێڕییه‌وه سه‌ربه شارۆكه‌ی خانه‌قینن و ماوه‌یه‌كه بوونه‌ته شوێنی خۆڕێكخستنه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش.
ئه‌و گوتی، هێزی پێشمه‌رگه و ئاسایش له‌و سنووره ژماره‌یان كه‌مه، بۆیه چه‌ندان جار داوای زیادكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌مان كردووه بۆ كۆنترۆڵكردنی زیاتری كوڵه‌جۆ و گونده‌كانی.
سه‌رۆكی شاره‌وانیی كوڵه‌جۆ پاراستنی ته‌واوی كوردستان ده‌به‌ستێته‌وه به پاراستنی دۆخی ته‌ناهیی كوڵه‌جۆ و له‌باره‌ی هۆكاره‌كه‌یشی ده‌ڵێ "چونكه تاكه ناوچه‌یه له نێوان گه‌رمیان و گوڵاڵه، هه‌روه‌ها یه‌كێكه له‌و رێیانه‌ی هاتوچۆی به‌غدا و سلێمانی له‌سه‌ره، بۆیه وه‌ك پشتێنه‌ی ته‌ناهی بۆ ناوچه‌كانی تری كوردستانه".
ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو، دۆخی ناجێگیری كوڵه‌جۆ بووه‌ته هۆی هه‌رزانكردنی خانوو له شاره‌دێكه، له كاتێكدایه له پاش رووخانی رژێمی به‌عس كه كوڵه‌جۆ گه‌ڕایه‌وه باوه‌شی كوردستان، نرخی خانوو تێیدا زۆر گران بوو، كه‌چی ئێسته ناگاته 20 هه‌زار دۆلار، هۆكاریش ئه‌وه‌یه حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق له ناوچه‌كه‌وه زۆر نزیكن و دۆخی ته‌ناهیی خراپ بووه.
هیدایه‌ت جه‌وهه‌ر ئه‌ندامی لقی گه‌رمیانی یه‌كێتیی جووتیار و هه‌ره‌وه‌زانی كوردستان، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه كه به پیتی زه‌وی و خاكی ناوچه‌كه له رووی كشتوكاڵییه‌وه و نزیكی رووباری سیروان، وایكردووه به‌رده‌وام جووتیاران به‌رهه‌می باشیان هه‌یه.
به بۆچوونی ئه‌م به‌رپرسه‌ی جووتیاران، زۆرینه‌ی ره‌های خه‌ڵكی ناوچه‌كه سه‌رقاڵی كشتوكاڵن، بۆیه كه‌وتنی ناوچه‌كه له رووی كشتوكاڵیشه‌وه زیانی ده‌بێ بۆ ناوچه‌كانی تر، له كاتێكدا به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كانی ره‌وانه‌ی ناوچه‌كانی تر ده‌كرێت.
كوڵه‌جۆ ئێسته بووه‌ته پرسی گه‌رمی میدیاكان، هاوكات پێگه و لانه‌یه‌كه بۆ سه‌دان ئاواره‌ی كوردی شاره‌دێیه‌كانی ناوچه كوردستانییه‌كان.
خه‌لیل عه‌بدولكه‌ریم نوێنه‌ری ئاواره‌كانی گوڵاڵه له كوڵه‌جۆ، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، به‌شێك له ئاواره‌كانی جه‌له‌ولا و سه‌عدیه له ترسی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، ماوه‌ی سێ ساڵه له كوڵه‌جۆ گیرساونه‌ته‌وه. دووپاتی كرده‌وه "ئه‌گه‌ر دۆخی ته‌ناهی خراپ بێت و ئاواره‌كان له ترسا ناچار بن ناوچه‌كه جێ بهێڵن، ئه‌وا ناتوانن له كه‌لار خانوو به‌كرێ بگرن چونكه گرانه".
نوێنه‌ری ئاواره‌كانی جه‌له‌ولا، به پێویستی زانی رووداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی كوڵه‌جۆ ببێته هۆكارێك تا هێزی زیاتری پێشمه‌رگه ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه بكرێت.
مه‌حموود ده‌لۆیی به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی گوڵاڵه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ "وشه" پێداگری كرد كه داعش سوودی له لاوازیی هێزه‌كانی سوپا و حه‌شدی شه‌عبی بینیوه تا له كوڵه‌جۆ نزیك ببنه‌وه.
ئه‌و بڕوای خۆی پێشان دا كه میلیشیاكان و هێزه‌كانی تری عێراق، به‌هۆی سیاسی بێت یان به گرنگ نه‌زانینی تێكچوونی زیاتری دۆخی كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كان، رێ خۆش بكه‌ن بۆ هێرشی تیرۆریستانی داعش.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی هۆشداری دا ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌كان چڕ نه‌كرێنه‌وه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ناوچه‌كه، ئه‌وا مه‌ترسیی زیاتر ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی كوردستان.
به‌پێی به‌دواداچوونی "وشه"، ئێسته پێشمه‌رگه له هه‌وڵی دروستكردنی هێڵی به‌رگریدایه له ناوچه‌كه.
له‌لایه‌كی تره‌وه زمناكۆ شه‌میرانی جێگری فه‌رمانده‌ی لیوای پێنجی هێزی پێشمه‌رگه، بۆ "وشه" ئاشكرای كرد، پاش دیاریكردنی هێڵی ته‌ماس به‌رانبه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی و هێزه عێراقییه‌كان، كۆبوونه‌وه‌مان ده‌بێ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بۆ گرتنه‌به‌ری پلانی نوێ، به‌ڵام هێشتا ئه‌و پلانه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه و زانیاری سه‌ربازیش نابێ په‌له بكرێت له راگه‌یاندنی.
وشه/به‌دواداچوونی سه‌بری هۆرینی