لەبارەی قوربانی هۆشداری دەدرێت

:: AM:11:43:10/08/2019 ‌
بەڕێوەبەری شارەوانی و خزمەتگوزاری ئاشكرای دەكات، هەر كەسێك قوربانی بكات، پێویستە پاشماوەكانی لە شوێنی گونجاو كۆ بكاتەوە و لە شوێنەكان فڕێ نەدات دەنا سزا دەدرێت.

ئەمڕۆ شەموو 10ـی ئاب، فەرمان خەلیل بەڕێوەبەری شارەوانی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بۆ پاراستنی ژینگەی شارەكە و نەبوونی بۆنی پیس بەهۆی پاشماوەی قوربانیكردن لە جەژنی قورباندا، بۆ ئەمساڵ ئۆفیسی كۆمپانیاكانی خاوێنكردنەوەمان داناوە تا هاووڵاتییان پاشماوەكانی قوربانیی تێدا فڕی بدەن. 

ڕوونی كردەوە، نابێت هەركەسێك و لە هەرشوێنێك بیەوێت پاشماوەی قوربانی فڕێ بدات، كە دواتر جگە لە پیسكردنی ژینگە، كۆكردنەوەیشی زۆر قورسە و داواكارین مامۆستایانی ئاینیش هاووڵاتییان هۆشیار بكەنەوە.

باسی لەوەش كرد، كوشتارگە كراوەیە تا شەشی ئێوارەی هەرچوار ڕۆژی جەژن هاووڵاتییان دەتوانن لەوێ‌ ئاژەڵەكان سەر ببڕن، ئەگەر لە گەڕەكەكانیش سەری ببڕن هەر كەسێك سەرپێچیی بڕیارەكانی شارەوانی بكات لە لایەن پۆلیسی قایمقامیەتیی هەولێرەوە سزا دەدرێت.

ئەو ڕوونكردنەوەیە لە كاتێكدایە لە ساڵانی پێشوو بەهۆی فڕێدانی پاشماوەی قوربانی هاووڵاتییانی هەراسان كردبوو.



وشە - رامیار جەواد