دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڤیدیۆی منداڵێك بڵاو كرایەوە كە دوای مردنی بە ساڵێك تەرمەكەی وەك خۆی ماوە، بەرپرسێكی پۆلیس ڕوونكردنەوە دەدات و سەرجەم زانیارییەكان ڕەت دەكاتەوە.
ئەمڕۆ شەموو 10ـی ئاب، كاروان خۆشناو ئەفسەری پۆلیس لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا ڕوونی كردووەتەوە، بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە بۆ شەش مانگ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە و ئەو منداڵەی مردووە ناوی مالیكە و تەمەنی 10 ساڵە و بەنەخۆشیی دڵ مردووە.
باسی لەوەش كردووە، تەرمی منداڵەكە لە گۆڕستانی كەسنەزان بەخاك سپێردراوە، بەڵام لەسەر داوای دایكی گۆڕەكە بۆ گۆڕستانی شێخ ئەحمەد دەگوازنەوە، دوای سێ ڕۆژ لە مردنی ئەو زانیارییانەش ڕاست نییە دەگوترێت دوای ساڵێك گۆڕەكە هەڵدراوەتەوە.
هەفتەی ڕابردوو گرتە ڤیدیۆییەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە گوایە منداڵێك بەخاك سپێردراوە، دوای ساڵێك بەمەبەستی گواستنەوەی تەرمەكەی هەڵدەدرێتەوە و تەرمەكەی وەك خۆی ماوە.