دوای تەقینەوەیەكی رووسیا خەڵك هانا بۆ كڕینی یۆد دەبەن

:: PM:04:03:10/08/2019 ‌

دوای ئەو تەقینەوەیەی لە سەكۆی هەڵدانی مووشەك لە باكوری رووسیا رووی دا، خەڵك ترسیان لێ نیشتووە لەوەی مادەی مەترسیدار رادیۆئەكتیڤ بڵاو بووبێتەوە، بۆیە هانا بۆ كڕینی یۆد دەبەن.

بەهۆی تەقینەوەكەی رووسیا لانی كەم دوو كەس كوژران و چەند كەسێكیش بریندار بوون، بەڵام سەرچاوە  فەرمییەكان باسیان لەوە نەكردووە لەم وێستگەیەی هەڵدانی مووشەك هیچ مادەیەكی رادیۆ ئەكتیڤ بڵاو بووەتەوە یان نا.

میدیاكانی رووسیا رەتیان كردووەتەوە هیچ مەترسییەك بۆ سەر دانیشتووانی دەوروبەری وێستگەكە هەبێت، ئەگەرچی بەرپرسێكی پێوەندیدار بە حاڵەتەكانی فریاكەوتن داوای لە خەڵكی نیشتەجێی نزیك وێستگەكە كردبوو دوور بكەونەوە.

بەگوێرەی "یۆرۆنیوز" خەڵكی دوو شاری نزیك رووداوەكە بۆ ئەوەی خۆیان لە هەر جۆرە مەترسییەك بپارێزن، روویان لە دەرمانخانەكان كردووە بۆ ئەوەی حەبی یۆد بكڕن. كاتێك لەشی مرۆڤ یۆدی پێ دەگات لە هەندێك تیشكی رادیۆئەكتیڤ دەپارێزرێت.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا پێداگری لەوە كردووە هیچ مادەیەكی مەترسیدار بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی ناوچەكە كەمێك مادەی رادیۆئەكتیڤیان لە كەشوهەوای ناوچەكە دۆزیوەتەوە.

پێویستە بگوترێت لە دەیەی هەشتای زاینی كارەساتی تەقینەوەی چێرنۆبڵ بە هەزاران كەسی كردە قوربانی. ئەوكات حكوومەتی یەكێتی سۆڤییەت رووداوەكەی لە خەڵك شاردەوە و لە كاتی خۆیدا خەڵكی دەوروبەری وێستگەكەی بۆ شوێنی دوورتر نەگواستەوە.



وشە - سلێمان تاشان