بەرپرسێكی باڵا بۆ سەركردایەتی یەكێتی: ناچاری بڕیارێكی چارەنووسسازمان مەكەن

:: PM:04:32:10/08/2019 ‌
جێگری سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دووپات لەوە دەكاتەوە كە پێویستە لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی وادەی بەستنی كۆنگرە یەكلا بكرێتەوە، چونكە هیچ بەربەستێك بۆ بەستنی كۆنگرە نەماوە.

ئەمڕۆ شەموو 10ی ئاب، زوبێر عوسمان جێگری یەكەمی سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند، ئەگەر ئەنجوومەنی سەركردایەتی بەم زووانە بڕیاری دیاری كردنی ڕۆژی بەستنی كۆنگرە نەدات ئەوا ئەنجوومەنی ناوەندی ناچار دەكەن ئەو بڕیارە گرنگ و چارەنوسساز و مێژووییە بدات.

" ڕوو لە كادیر و ئەندام و جەماوەری یەكێتی دەكەم و پێتان ڕادەگەیەنم وەك ئەنجوومەنی ناوەندی هەوڵ و  گوشارەكانمان بەردەوامە بۆ بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لە كۆتایی ئەمساڵدا، داوایش لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی دەكەین لە كۆبوونەوەی داهاتوویدا بڕیار لەسەر دیاری كردنی رۆژی بەستنی كۆنگرە بدات، چونكە هیچ لەمپەر و بەربەستێك لە بەردەم ئەنجامدانی كۆنگرە نەماوە، بەستنی كۆنگرە لە كۆتایی ئەمساڵدا بووەتە پێداویستیەكی گرنگ و هەنوكەیی بۆ یەكێتی" زوبێر عوسمان وا دەڵێ‌.

ڕۆژی 10/10/2013 لە قەڵاچۆلان یەكێتی پلینیۆمێكی بەست كە ماوەی كەمتر لە سەعاتێكی خایاند. لەوێ جگە لەوەی تەمەنی سەركردایەتی درێژ كرایەوە، بڕیار درا ڕۆژی 31/1/2014 كۆنگرەی چوارەم ببەسترێ، بەڵام ئێستە پتر لە پێنج ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ئەو بەڵێنەی پلینیۆمدا كۆنگرە نەبەستراوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم