دەنگۆی خراپبوونی بەرهەمی شووتی ناوخۆی هەرێم رەت دەكرێتەوە

:: PM:10:41:10/08/2019 ‌

لە بارەی دەنگۆی خراپبوونی شووتی ناوخۆ و بەكارهێنانی مادەی كیمیایی بۆ پێگەیاندنی شووتییەكە دەدرێت، كشتوكاڵی سلێمانی ئەو هەواڵە بەدرۆ دەخاتەوە و شارەزایەكی كشتوكاڵیش وریایی دەدات و دەڵێت، بەكارهێنانی مادەی پۆتاسیۆم  لە لایەن جووتیارانەوە بە ڕێژەیەكی زۆر زیانی هەیە.

ئەمڕۆ شەموو ڕزگار خدر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە خراپبوون و ژەهراویبوونی شووتی ناوخۆ دەكرێت دوورە لە ڕاستییەوە، شووتی دەرمانی تێ ناكرێت و بە دەرمانیش گەورە ناكرێت، هاوكات جووتیارانی ناوخۆ بۆ بەپیتكردنی زەوییەكانیان پەین بەكار دێنن و شووتی ئەمساڵی كوردستان باشترین جۆری شووتی بووە لە ناوچەكە.

زیاتر گوتی، بەكارهێنانی هۆرمۆنات شێوەیەكی تایبەتی هەیە لە بەكارهێناندا، جۆرێكی گرانە و جووتیاری ناوخۆ ناتوانن ئەو مادە زۆر بەكاربێنن، چونكە زۆریان لەسەر دەكەوێت، جووتیاری ناوخۆ هەر لەسەر شێوازی كۆن شووتی بەرهەم دێنن و لایەنە ئاینییەكە ڕێگەیان پێ نادات هەندێك كار بكەن.

جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی روونی كردەوە، وەزارەتی كشتوكاڵ و بەڕێوەبەرایەتییەكان چاودێرن بەسەر جووتیارانەوە و ڕێگە بە فرۆشتنی ئەو جۆرە مادە خراپانە نادرێت، ئاشكرای دەكات كە ئەو مادە پۆتاسیۆمە كە باس دەكرێت و بە ڕێژەی كەم بەكاردەهێنرێت بۆ بە پیتكردنی زەوی، واتە بەڕێژەیە نەك بە گۆترە.

لای خۆیەوە ڕێباز مەعرووف ئەندازیار و شارەزای كشتوكاڵ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، مادەی پۆتاسیۆم خێرایی گواستنەوەی مادە زیاد دەكات لە زەوییەوە بۆ شووتییەكە و بە خێرایی شووتییەكە گەورە دەبێت، بەڵام دەبێت ڕێژەی دیاریكراو بەكاربهێنرێت بە جۆرێك یەك لیتر بۆ یەك دۆنم شووتی، بەڵام جووتیار هەیە بۆ یەك دۆنم 10 لیتر بەكاردەهێنێت، ئەوەش زیانی زۆر مەترسیداری هەیە و شووتییەكە زۆر بەخێرایی گەورە دەبێت و دەگەنێت و لە ناوەوە شڵەقاوە.

زیاتر گوتی، لە ناوخۆ ژمارەیەكی كەم جووتیار ڕێژەی زۆری پۆتاسیۆم بەكار دێنن، لەو حاڵەتەدا شووتییەكە ناوەكەی سپی دەبێت و ناوەڕاستەكەی بۆش دەبێت و شووتییەكە دەتەپێ، ئەم جۆرانەش لە ناوخۆ بوونی هەیە، بەتایبەت لە سەرەتای كەوتنە بازاڕەوە.

خەسرەو جاف، جووتیاری بەرهەمهێنەری شوتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ماوەی ڕابردوو دەنگۆ بڵاوبووەتەوە كە شووتی ئەمساڵی ناوخۆ خراپە و مادەی كیمیایی تیایە، ئەمە بۆ هەموو جووتیاران نییە، بەڵێ ئێمەش دەزانین جووتیار هەیە ئەو مادە پۆتاسیۆمە زۆر بەكار دێنێت، ئەوانە لە پەنجەی دەست تێپەڕ نابن.

زیاتر گوتی، بەكارهێنانی پۆتاسیۆم دیاریكراوە بە ڕێژەی كیلۆ بە دۆنمە، بەڵام جووتیارێك تا خێرا بەرهەمەكانیان بخەنە بازاڕەوە و پارە بكات، پۆتاسیۆمی زۆر بەكار دێنن، بەڵام بە گشتی شووتی ئەمساڵ لە ناوخۆ لە باشترین جۆری شووتی بووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل