پیاوێکی بە کۆمەڵێک چەکەوە هەوڵی دا هێرش
بکاتە سەر مزگەوتێک لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە چەک کرا و
دوای گرتنی لەناو ماڵەکەیدا تەرمی ژنێکی گەنج دۆزرایەوە.
درەنگانی شەوی رابردووچەکدارێک هێرشی کردە
سەر مزگەوتی "نوور" لە ئۆسلۆ و دەرگای جامخانەکەی شکاند، بەڵام لەلایەن
یەک لە ئامادەبووانی ناو مزگەوتەکە چەک کرا و رێگە لە تەقەکردنی گیرا.
ئاژانسی هەواڵی دویچەوێلەی ئەڵمانی ئاشکرای
کردووە، هێرشبەرەکە گەنجێکی 20 ساڵان بووە و بە رەگەز نەرویجییە و بەهۆی ئەو
رووداوەوە هێرشبەرەکە و یەک لەو هاووڵاتییانەی لەناو مزگەوتەکەدا بوون بریندار
بوون.
تا ئێستە پۆلیسی نەرویج لەبارەی ئەو
رووداوەوە هیچ راگەیەنراوێکی بڵاو نەکردووەتەوە و تەنیا ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە،
چەکدارەکە لەکاتی هێرشکردنیدا بۆسەر مزگەوتەکە ئێلەکی گولەنەبڕی لەبەر بووە و سێ
چەک و چەقۆیەکی پێ بووە.
لەکاتی هێرشبردنی بۆسەر مزگەوتەکە سێ کەس
لەناو مزگەوت بوون و لەو سێ کەسە دوویان رزگاریان بووە و تەنیا پیاوێکی 70 ساڵان
ماوەتەوە و لەتاو گیانی پەلاماری چەکدارەکەی داوە و خستوویەتە سەر عەرز و چەند
فیشەکێک تەقێندراوە کە بەر کەسیان نەکەوتووە.
لەگەڵ بیستنی دەنگی فیشەکەکان پۆلیس دەگاتە
شوێنی رووداوەکە و هێرشبەرەکە دەگرن، لەکاتی لێکۆڵینەوە و پشکنینی ماڵەکەی تەرمی
کچێکی گەنج لەناو ماڵەکەیدا دەدۆزنەوە.