"وشە" وردەكاری سیستمی ئەلیكترۆنی عەریزەنووسەكان بڵاو دەكاتەوە

:: PM:05:14:11/08/2019 ‌
بە حەوت هەزار دیناری زیاتر هاووڵاتییان لە ڕۆتین و ماندووبوون ڕزگاریان دەبێت 


هێشتا كێشەی بە ئەلیكترۆنیكردنی سیستمی داواكارینامە "عەریزەنووس" بەردەوامە و بەشێك لە عەریزەنووسەكانی هەرێمی كوردستان نیگەرانن، بەڵام "وشە" لەم ڕاپۆرتەدا وردەكاریی سیستمەكە دەخاتە ڕوو كە لە سوودی خەڵك و عەریزەنووسەكانە و هەوڵێكە بۆ بە ئەلیكترۆنیكردنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان.

عەریزەنووسەكان پێیان وایە ئەو كارە بەهۆی ئەوەی لە ڕێی كۆمپانیایەكەوە دەكرێ‌ و لەژێر چاودێری حكوومەتی هەرێمی كوردستاندایە، مافی ئەوان پێشێل دەكرێ‌ و لە سەرەتایش پێیان گوتراوە كە مانگانە 250 هەزار تا 300 هەزاریان وەك مووچە پێ دەدرێ‌، بەڵام عەریزەنووسەكان ڕەتیان كردووەتەوە.

سدیق نازەنینی یەكێك لە عەریزەنووسەكانی دادنووسی هەولێر، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، سەردانی كۆمپانیاكەیان كردووە كە بەنیاز بووە ئەو سیستمە دابنێ‌ بۆ بە ئەلیكترۆنیكردنی عەریزەنووسی، پێیان گوتوون ئەو كەسانەی ئەو كارە دەكەن بە مووچەیەكی مانگانە دادەمەزرێن.
ڕوونی كردەوە "لە سەرەتادا پێیان گوتووین مووچەكە 250 هەزار تا 300 هەزار دەبێت، بەڵام ڕەتمان كردەوە، چونكە عەریزەنووسەكان بەو جۆرەی ئێستە زۆر زیاتر لەوە پەیدا دەكەن".

ئەو عەریزەنووسە ئاماژەی بەوە كرد كە هیچ زانیارییەكیان لەسەر سیستمەكە پێ‌ نەدراوە، بەڵام دڵنیاییان پێ دران كە جێبەجێ‌ دەكرێ‌ و ئەوانیش هەموو گوشارێك دەكەن تا مەترسیی نەكەوێتە سەر بژێوییان. 

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ئێستە بەشێك لە عەریزەنووسەكان لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە ڕێككەوتوون و بڕیاری دامەزراندنیان دراوە، تەنیا لە خولێكی فێركردنی سیستمەكەدا بەشدارییان پێ دەكرێ.

وردەكاری سیستمەكە بەو جۆرەیە كە عەریزەنووسین ببێت بە ئەلیكترۆنی، هەموو شتێك دەبێ بە ئەلیكترۆنی و ئیتر بە دەست نووسین و وێنەگرتنی دەرەوە و كۆپیكردن نامێنێ، بەپێی سیستمی ئێستە سێ‌ تا چوار هەزار دینار لەلایەن عەریزەنووسەكان وەردەگیرا و پێنج هەزار بۆ وێنەگرتن و كۆپی وەردەگیرا.

هەر بەپێی ئەو سیستمە كۆنەی عەریزەنووسین، 15 هەزار بەپێی كەیسەكە وەردەگیرا و هیچ شوێنێكی دانیشتن بۆ هاووڵاتییان نەبووە تا چاوەڕێ‌ بكەن، بەگشتیی كۆی ئەو پارەی لە هاووڵاتییان دەڕوات لە كاری دەستیدا 18 هەزار دینار بوو.

بەڵام بە جێبەجێكردنی ئەو سیستمە نوێیە كە بە ئەلیكترۆنی دەكرێ‌، كوالێتی كاغەز جۆرێكە ساختە ناكرێ،  پرۆسەكە خێرایە و هاووڵاتییان لە چاوەڕوانی نامێننەوە و شوێنی پشوو دابین دەكرێت بۆ سەردانكەر، سیستمەكە بە هەموو جێیەك دەبەسترێتەوە و ئەو بەڵگانەی لەوێ دەردەچن لە ھەموو فەرمانگەیەك چێك دەكرێن كە تەواوە یان ساختەیە.

هاوكات ئەو سیستمە هەموو ئەو بەڵگەنامە گرنگانەی بۆ خانوو و زەوی بەكار دێن، واتا ئەگەر هەوڵی ساختەكردنی تاپۆ یان هەر شتێكی تر هەبێ‌، ئەوە ئاشكرا دەبێت و تێچووی هاووڵاتیی لە سیستمی ئەلیكترۆنی 25 هەزار دینارە. هاوكات لە قۆناغی یەكەمدا سیستمەكە دادنووس و تاپۆ بەیەكەوە دەبەستێتەوە.

پێشتر پرۆسەی بریكارنامە و كاروبارەكانی دادنووس كە رۆژانە خەڵكی پێویستیەتی، بەدەست دەكرا و بۆ نموونە لە كاتی هەڵوەشاندنەوەی بریكارنامەیەكی گشتییدا، بەهۆی ئەوەی سیستمەكە ئەلیكترۆنی نییە، فەرمانگەكان ئاگەداری وردەكاری نەدەبوون و وەك دەگوترێ، خانوو هەیە لەلایەن بریكارەوە فرۆشراوە، لە كاتێكدا خاوەنی خانووەكە بریكارنامەكەی هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام تاپۆ پێی نەزانیوە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" هەموو ئەوانەی كاری عەریزەنووسی دەكەن، دوای بینینی خولێكی تایبەت دادەمەزرێن، تەنیا ئەوانەی كارمەندی حكوومەتن مافی دانامەزراندن نایانگرێتەوە.

ڕێبین سەباح پارێزەری ئەو عەریزەنووسانە، بە"وشە"ی گوت، ئەوان لەسەر ئەو كەیسە داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستانیان ئاگادار كردووەتەوە و بڕیار دراوە بەدواداچوون بۆ ئەو كارە بكرێ‌.

ڕوونی كردەوە كە عەریزەنووسەكان ناڕازین و پێویستە ئەگەر سیستمەكە جێبەجێ‌ بكرێ‌، مافی ئەو عەریزەنووسانە دابین بكرێ‌، چونكە ئەگەر ناڕەزایی دەببڕن و مان بگرن، زیانی بۆ هەموو كارەكان دەبێت.

پارێزەرەكە ئاماژەی بەوە كرد، "بەدواداچوون لەسەر سیستمەكە كراوە، بەڵام پێویستە كۆمپانیای جێبەجێكار وردەكاری و دڵنیایی بداتە عەریزەنووسەكان، چونكە ئەوان پێیان وایە شوێنیان لەق دەبێت بۆیە ناڕازین". ئاماژەی كرد، پێویستە خەڵكیش دڵنیا بكرێتەوە كە تەنیا 25 هەزار دینار وەردەگیرێ‌ نەك دواتر بەهۆی ڕۆتینەوە زیاتر بێت.

هێشتا هیچ سكاڵایەك لەوبارەیەوە بە پەرلەمانی كوردستان نەگەیشتووە، پەرلەمانتارێكیش ئاماژە بەوە دەكات ئەگەر عەریزەنووسەكان ناڕازین، پێویستە سكاڵا تۆمار بكەن.

نزار مەلا غەفار ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، كێشەیەك لە بابەتی عەریزەنووسەكان هەیە، بەڵام هێشتا هیچ سكاڵایەك لەوبارەیەوە نەگەیشتووەتە پەرلەمانی كوردستان تا بەدواداچوونی لەسەر بكرێ‌.
ڕوونی كردەوە كە هەر كاتێك سكاڵا تۆمار بكرێ‌، ئەوە بەدڵنیاییەوە بەدواداچوونی بۆ دەكەن. بەڵام پەرلەمانتارەكە دەڵێ، "پێویستە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بە ئەلیكترۆنی بكرێن و چیتر بابەتی نووسین نەمێنێ‌، چونكە لە ڕووی كارگێڕییەوە كارەكان ئاسانتر و باشتر دەكات".

دووپاتی لەوەیش كردەوە كە ئەلیكترۆنی كاروبارە كارگێڕییەكان ڕۆتین و ماندووبوونی خەڵك كەمتر دەكاتەوە و ئاستی شەفافییەت و نەمانی واسیتەیش بەرز دەكاتەوە.


پەرلەمانتارێك: كاروباری ئیداری بە ئەلیكترۆنی بكرێ‌، ڕۆتین و واسیتە كەم دەبێتەوە



وشە - سه‌رخێڵ هاشم