كێشەكانی نێوان كۆسرەت رەسووڵ و شاناز ئیبراهیم كۆنگرەی یەكێتی دوا دەخات

:: PM:06:00:11/08/2019 ‌
لەسەر دیاری نەكردنی كۆنگرەی یەكێتی كێشە دەكەوێتە نێوان كۆسرەت رەسووڵ و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش زانیاری دەخاتەڕوو.

دوای ئەوەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە نووسراوێكدا داوای لە كۆسرەت رەسووڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی كرد كە وادەی بەستنی كۆنگرە دیاری بكات، كێشە لە نێوان ئەو دوو بەرپرسەی یەكێتی رووی داوە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كۆسرەت رەسووڵ لەو نامەیە نیگەران بووە ئەمەیش وایكردووە كە لە ماڵپەرێكی نزیك لە خۆی لە نووسینێكدا هێرشی تووند بكرێتە سەر شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و بەهۆكاری تۆرانی جەماوەری یەكێتی لە بەریتانیا ناوی هێناوە. شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیش لەكاردانەوەدا هۆكاری شكستەكانی یەكێتی لە هەولێر خستووەتە ئەستۆی شاڵاو كۆسرەت رەسووڵ. 

لای خۆیەوە محەمەد وەتمان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، دوای جەژن ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆ دەبێتەوە و لەسەر ئەنجامدانی وادەی بەستنی كۆنگرە خۆی یەكلا دەكاتەوە.

بەهۆی قووڵبوونەوەی كێشەی نێوان باڵەكانی یەكێتی و نیگەرانییەكانی هەندێك لە سەركردایەتی ئەو حزبە لە هەڵسوكەوتەكانی شاناز، ئەستەمە بەو رەوشەوە ئەو حزبە كۆنگرەی چوارەمی ببەستێت.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم