وردەكاری تەقەكردن لە پەیامنێرێكی كوردستان تی ڤی

لە سنوری شارۆكەی قەڵادزێ تەقە لە رۆژنامەنوسێكی كەناڵی كوردستان تی ڤی دەكرێت و بەرپرسی سەنتەری میترۆش رای دەگەیەنێت, لەگەڵ لایەنە تەناهییەكان قسەمان كردووە و داوامان كردووە بە زووترین كات ئەنجامدەرانی ئەو كارە بگرن.

فازیل عومەر پەیامنێری كەناڵی كوردستان تی ڤی لە قەڵادزێ بە "وشە"ی راگەیاند, لە گوندێكی دەوروربەری قەڵادزێ درەنگانی شەو تەقە لە ماڵەكەمان كرا و 12 فیشەك بەر خانوو و ئۆتۆمبێلەكەمان كەوتووە.

روونیشی كردەوە كە تەقەكە لە ئۆتۆمبێلێكی بەرزەوە كراوە و لە كامێراكانی چاودێری ناناسرێتەوە، چونكە خێرایی زۆر بووە.

هەروەك ئاماژەی بەوە كرد كە سكاڵایان تۆمار كردووە و داواكارن هێزە تەناهییەكان و لایەنی پێوەندیدار لێكۆڵینەوەی خێرا بكەن.

لای خۆیەوە رەحمان غەریب بەرپرسی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان بە "وشە"ی راگەیاند, پۆلیسی قەڵادزێ چوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و لێكۆلینەوەی سەرتاییان كردووە.

غەریب سەركۆنەی تەقەكردن لەو رۆژنامەنووسە دەكات و داواكارە لایەنی تەناهی لێكۆڵینەوەی زیاتر بكات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:06:40:11/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 1629 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌