75 میگاوات کارەبای دەربەندیخان لەبەر 25 ملیۆن دینار کوژاوەتەوە

:: PM:06:52:11/08/2019 ‌
خەڵكی شارۆكەی دەربەندیخان كەمپینێك بەناوی " گەڕانەوەی كارەبا بۆ شار" ڕادەگەیەنن، ئەوەیش لە پێناو زیاد كردنی كارەبای ناوچەكەیان لەكاتێكدا دەربەندیخان خۆی سەرچاوەی دابینكردنی كارەبای چەندان ناوچەی كوردستانە.

حوسێن ساڵح كە ئەندازیارە و بانگەشەی كەمپینەكەی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی،  كارەبای نیشتمانی وەك پێویست نادرێت بە هاووڵاتییان هۆكارەكەشی بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما و داواكاری هاووڵاتییانە، بەڵام دەربەندیخان بەو پێیەی شارێكی بەرهەمهێنی كارەبایە كە بڕیاربوو تاڕادەیەك بەدەربكرێت لەشارەكانی تر، بەڵام نەك نەكرا بەڵكو لەیەكەم ڕۆژی جەژن خراپترین كاتی پێدانی كارەبا بوو.

ئەو ئەندازیارە ڕوونی كردووەتەوە كە ویستگەی كارۆئاوی دەربەندیخان ئێستە یەكەی ژمارە دووی لەكار كەوتووە كە نزیكەی  دوو مانگ دەبێت پێویستی بە بڕی 25 ملیۆن دینارە بۆ چاككردنی، بەڵام حكومەت دابینی ناكات كە ئەگەر چاككرێتەوە نزیكەی 75 مێگاوات بەبەردەوامی كارەبا دەگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتییان.

ئاماژەی بەوەیش كردووە كە ئەگەر دۆخەكە بەمجۆرە بێت وەك گوشارێك كەمپینی كۆكردنەوەی پارە بۆ چاككردنەوەی ویستگەكە ڕادەگەیەنرێت.

دەربەندیخان لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە سلێمانییە و سەرباری بوونی بەنداوی گرنگی ئاو، بەڵام وەك پێویست خزمەت بە شارەكە نەكراوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم