بەریتانیا: پێویستە ئێران چالاكییە خراپەكارییەكانی لە ناوچەكە بوەستێنێت

:: PM:05:28:12/08/2019 ‌

گوتەبێژ بەناوی بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی نوێی بەریتانیا رای گەیاند كە سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی لەگەڵ راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا كە ئێستە سەردانی لەندەن دەكات، چەند پرسێكی تەناهی باس دەكات لە سەروویانەوە دۆسیەی ئێران.

ئێستە جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە لەندەنی پایەتەختی بەریتانیایە و چاوەڕوان دەكرێت چاوی بە سەرۆك وەزیرانی بەرتانیا بكەوێت و چەند پرسێكی گرنگ باس بكەن. 

گوتەبێژ بەناوی بۆریس جۆنسۆن داوای لە ئێران كرد بۆ وەستاندنی چالاكییە خراپەكارییەكانی كە سەقامگیری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەشێوێنن، سەبارەت بە هەڵوێستی بەریتانیا لە بەرانبەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، ئەو گوتەبێژە رای گەیاند، هەڵوێستی لەندەن لە بەرانبەر ئێران و دۆسیەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە نەگۆڕاوە. 

شایەنی باسە بەریتانیا تا ئێستە پاڵپشتی لە یەكێتی ئەوروپا بۆ دەستگرتن بە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەكات، بەڵام دەستگرتنی ئێران بەسەر كەشتییەكی نەوتهەڵگری بەریتانی وای كرد كە بەریتانیا هەڵوێستێكی توند لە بەرانبەر تاران وەربگرێت.

جیا لە دۆسیەی ئێران، چاوەڕوان دەكرێت سەرۆك وەزیرانی بەرتانیا و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا باس لە چوونەدەرەوەی بەرتانیا لە یەكێتی ئەوروپا بكات.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل