هەرێمی كوردستان.. پێشبینی دەكرێت ژمارەی گەشتیاران بگاتە زیاتر لە 200 هەزار كەس

:: PM:06:43:12/08/2019 ‌

دەستەی گەشتگوزاری هەرێم روونكردنەوە لەسەر وەرگرتنی پارە لە گەشتیاران دەدات و دووپاتی دەكاتەوە كە پێشبینی دەكەن ژمارەی گەشتیاران لە چاو جەژنی پێشوو زیاتر بێت كە زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار بوو.

نادر رۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەم بە "وشە"ی راگەیاند, ئەو دەنگۆیانەی باس لە وەرگرتنی پارە دەكرێت لە گەشتیاران لە هەرێمی كوردستان، دوورە لە ڕاستییەوە و ئەو هەواڵانە رەت دەكەینەوە كە پارە وەرگیرابێت.

زیاتر گوتی, بەدواداچوونمان كردووە لەسەر ئەو بابەتە و ئەو بڕە پارەیە لە بازگەكان وەردەگیرێت لە كاتی هاتنەناوەوەی گەشتیاران بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمپانیاكان و ئێمە هیچ زانیاریەكمان لەسەر ئەوە نییە.

لە بارەی ژمارەی هاتنی گەشتیاران دووپاتی كردەوە، تا ئێستە هیچ ئامارێكی فەرمی لە سەر هاتنی گەشتیاران نییە، بەڵام پێشبینی دەكەین ژمارەكە لە چاو جەژنی پێشوو زیاتر بێت كە ئەو كات زیاتر لە ٢٠٠ هەزار گەشتیار بوو.

لای خۆیەوە ئارام شوانی بەڕێوبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند, گەشتیارەكان بە ڕێژەیەكی زۆر روویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی سلێمانی كردووە و بە درێژایی ئەم هەفتەیە بەهۆی پشووی جەژنی قوربانەوە هاتنی گەشتیار بەردەوام دەبێت.

زیاتر گوتی, سێ رۆژی پێش جەژن زیاتر لە ٣٥ هەزار گەشتیار هاتوونەتە سلێمانی و ئەم دوو رۆژە و رۆژی داهاتوو بە گشتی گەشتیارێكی زۆرتر هاتووەتە سلێمانی، بەڵام دەمانەوێت ئامارەكان بە فەرمی رابگەیەنین تا جیاكاری ناوچەیی دروست نەبێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل