توركیا.. ژوورێكی هاوبەش بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە سووریا پێك دەهێنرێت

:: PM:06:46:12/08/2019 ‌

رۆژنامەیەكی توركیا چەند زانیارییەك پێوەست بە دامەزراندنی ژوورێكی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە نێوان توركیا و ئەمەریكا بەمەبەستی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە باكوری سووریا بڵاو دەكاتەوە.

رۆژنامەی "سەباح"ی توركی ئەمڕۆ دووشەم ئاماژەی كردووە، ئەو ژوورە بارەگاكەی لە شانلی ئۆرفا یان غازی عەنتاب دەبێت و یەكەم وەجبەی سەربازانی ئەمەریكا بە كردەنی گەیشتوونەتە توركیا بۆ بەشداریكردن لە دامەزراندنی ژوورەكە بەمەبەستی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام كە بەمدواییە توركیا و ئەمەریكا رێككەوتنیان لەبارەوە كردووە.  

زیاتر هاتووە، 90 سەربازی ئەمەریكی گەیشتوونەتە فڕۆكەخانەی قاب لە شانلی ئۆرفا و روویان لە شارەكە كردووە، لەوكاتەی بەم دواییە خەڵووسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا رای گەیاند كە بەمنزیكانە سەنتەری ئۆپراسیۆنی هاوبەش بەپێی رێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە باكوری سووریا دەكرێتەوە.

ئاكار دووپاتی كردەوە، دەمانەوێت لەسەر بنەمای هاوپەیمانی و هاوبەشی ستراتیجی لەگەڵ ئەمەریكا جموجۆڵ بكەین و ئەو سەنتەرە هاوبەشە دروست بكەین، بەڵام ئەگەر ئەوە روو نەدات، توركیا خۆی جموجۆڵ دەكات لەو بارەوە. 

لەبارەی قووڵی ناوچەی ئارام كە وڵاتەكەی بەنیازە دروستی بكات، ئاكار ئاماژەی كرد، بە ئەمەریكامان راگەیاندووە دەمانەوێت تا قووڵایی 30-40 كیلۆمەتر بێت و دۆناڵد تەرمپ سەرۆكی ئەمەریكا خۆی ئەو دوورییەی پێشنیاز كردووە لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا.

چوارشەمی رابردوو توركیا و ئەمەریكا گەیشتنە رێككەوتن لەبارەی دامەزراندنی سەنتەرێكی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە نزیكترین كات بۆ هاوئاهەنگیكردن سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە باكوری سووریا.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل