دوای جەژن گەڕێكی تری گفتوگۆی هەولێر و بەغدا دەست پێ دەكاتەوە

:: PM:08:17:12/08/2019 ‌

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت كە لە دوای پشووەكانی جەژن, گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا لەسەر چەند پرسێك دەست پێ دەكاتەوە و دووپاتی دەكاتەوە كە بەغدا گەیشتووەتە ئەو راستییە‌ی كە بەبێ پێشمەرگە كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكان ئارامیان نابێت.

ئەمڕۆ دووشەم مەیادە محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند, دوای ئەوەی هەریەك لە بەغدا و هەرێمی كوردستان نیازپاكی خۆیان پێشان دا بۆ چارەسەركردنی كێشە و پرسە هەڵواسراوەكانی نێوانیان و هەردوولا سەردانی یەكتریان كرد, بڕیارە درێژە بە گفتوگۆی نێوانیان بدەن.

زیاتر گوتی, دوای پشووەكانی جەژن دووبارە دانیشتن و گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەست پێ دەكەنەوە و شاندی هەرێم بۆ چارەسەری گرفت و كێشەكانی نێوانیان، سەردانی بەغدا دەكات و دەست دەكات بە هەنگاونان بۆ چارەسەركردن هەندێك پرسی چارەنووسساز.

محەمەد ئاماژەی كرد، هەرێم و بەغدا لە بارەی پرسی نەوت و مووچە و بودجە دەیانەوێت ئەو كێشانە كۆتایی پێ بێنن, هەرێم دەیەوێت چیتر وەك ساڵانی رابردوو قوت و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان نەكرێتە ناو بابەتە سیاسییەكان و تێكەڵ بە كێشەكان نەكرێت و لە هەر حاڵەتێكدا مووچەی هەرێم مسۆگەر بێت.

دووپاتی كردەوە, یەكێك لە كێشەكانی هەرێم و بەغدا پرسی پێشمەرگە و گەڕانەوەیە بۆ ناوچە جێناكۆكان و سنووری مادەی 140, چونكە بەغدا گەیشتووەتە ئەو راستییەی بەبێ بوونی پێشمەرگە لایەنی تەناهی ئەو ناوچانەی كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەر و ناوچەكانی تر پارێزراو نابن، بۆیە دەكرێت گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بەخێرایی تەواو بێت.

لای خۆیەوە شێروان میرزا ئەندامێكی تری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی گوت, لیژنەی تەكنیكی نێوان هەرێم و بەغدا دوای جەژن كۆبوونەوەكان دەست پێ دەكەن و لیژنەی هەردوولا لەسەر چەند پرسێك گفتوگۆ دەكەن.

بەپێی زانیارییەكان گرنگترین ئەو دۆسیانەی هەرێم و بەغدا دەیانەوێت زووتر یەكلایان بكەنەوە پرسی نەوت و پێدانی هەرێمە بۆ 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، لە بەرانبەر وەرگرتنی پشكی لە بودجە و لەو بارەوە چەند پێشنیازێك كراوە كە بەغدا تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، جیا لە بودجەی 2020ی عێراق، هەروەها پرسێكی تر جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور و پێكهێنانی لیژنە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری عێراق و پێشمەرگەیە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل